ئەمڕۆ جنێڤ میوانداری دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات
ئەمڕۆ بە نێوەندگیری عومان، گەڕێکی دیکەی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا، لە سویسرا بەڕێوەبچێت؛ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە ناڕاستەوخۆ لە دانوستانەكە بەشدار دەبم.
بڕیارە گەڕی ئەمڕۆ سێشەممە 17ی شوباتی 2026، دانوستانەکانی لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە جنێڤی سویسرا بەڕێوەبچێت؛ شاندی ئەمریکی هەر لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، شاندی دانوستانکاری ئێرانیش لەلایەن عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سەرۆکایەتی دەکرێت، بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، دانوستان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی، بە ناڕاستەوخۆ لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ئەمریکا بەڕێوە دەچن.
لە بارەی گەڕی نوێی دانوستانەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێرانییەکانی بە دانوستانکاری خراپ ناوبردووە و رایگەیاندووە، چاودێری دانوستانەکانی ئەمرۆ دەکات و بە ناڕاستەوخۆ بەشدار دەبێت.
ترەمپ دەڵێت؛ ئەگەر ئێرانییەکان دانوستانکاری باشبوونایە، بەر لەوە فڕۆکەی جەنگی بی دوو هێرشیان بکاتە سەر لەگەڵ ئەمریکا رێک دەکەوتن.
هەروا جارێکی دیکە ئەم قسەیەی لە بارەی ئێران دووبارە کردەوە و دەڵێت؛ ئێران دەیەوێت رێککەوێت، چونکە لە دەرئەنجامی رێکنەکەوتن تێگەیشتوون، کە چەندە خراپە بۆیان.
هەر بۆ نێوەندگیری دانوستانەکان، بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان دوای گەیشتنی بۆ سویسرا لەگەڵ عەباس عڕاقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە و ئەلبوسەعیدی جەختی لە هەڵوێستی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەرخستنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کردووەتەوە.
دەسپێکردنی گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، لە کاتێکدایە سوپای پاسداران لە گەروی هورمز، کەنداو و دەریای عومان، مانۆرێکی فراوانی هێزی دەریایی دەسپێکردووە.
لەمبارەوە محەممەد پاکپوور فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران راگەیاندووە، ئەم مانۆرەیان بۆ بەرپەرچدانەوەی خێرا و یەکلاکەرەوەیە بەرانبەر بە هەر هەڕەشەیەکی سەربازیی و ئەمنی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.
گەڕی نوێی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رۆژی هەینی 6ـی ئەم مانگە بە نێوەندگیری سەڵتەنەی عومان، لە مەسقەت دەستیپێکردەوە.