مەرجی مالیکی بۆ کشانەوە و ناوی کاندیدێکی نوێ بۆ سەرۆکوەزیران ئاشکرا دەکرێت

(وێنە؛ ئەرشیف، نووری مالکی سەرۆکی دەولەتی یاسا)
(وێنە؛ ئەرشیف، نووری مالکی سەرۆکی دەولەتی یاسا)

لەگەڵ چەقبەستوویی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، زانیارییە نوێیەکان باس لە مەرجەکانی نووری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا دەکەن بۆ کشانەوە لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، هاوکات باس لە فشارێکی توندی نێودەوڵەتی دەکرێت بۆ دوورخستنەوەی ناوبراو.

مەحموود حەیانی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24 رایگەیاند: "نووری مالیکی تەنیا بە یەک مەرج ئامادەیە لە کاندیدبوون بکشێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە کۆدەنگی و زۆرینە ئەو داوایەی لێ بکەن." حەیانی جەختی کردەوە، مالیکی لەژێر هیچ فشارێکی تری دەرەکیدا ئامادە نییە دەستبەرداری کاندیدبوون بێت.

بەگوێرەی لێدوانەکە، شەوی رابردوو پەیامێکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە تێیدا بە روونی دژایەتی خۆیان بۆ کاندیدکردنەوەی نووری مالیکی دەربڕیوە و رەتیان کردووەتەوە ناوبراو ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران.

لە حاڵەتی کشانەوەی مالیکیدا، گۆڕانکاری بەسەر چانسی کاندیدەکانی دیکەشدا دێت. عەلی فەهد، ئەندامی رەوتی حیکمە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێستا ناوی "حەمید شەتری" وەک بەهێزترین کاندید دەهێنرێت. فەهد دەڵێت: "شەتری چانسی لە هەمووان زیاترە، چونکە کەمترین مشتومڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەرە."

ئەمە لەکاتێکدایە باس لەوە دەکرێت لە ئەگەری کشانەوەی مالیکی، چانسی محەممەد شیاع سوودانییش بۆ وەرگرتنی پۆستەکە لاواز دەبێت.

تا ئێستا کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە هەڵپەسێردراون و هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی سەرکردەکان دەستنیشان نەکراوە، ئەمەش نیشانەی قووڵی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ناو ماڵی شیعەیە لەسەر پرسی کاندیدی سەرۆکوەزیران.