وەزارەتی دادی عێراق ئەو ئامارانە رەتدەکاتەوە کە لەبارەی زیندانیانی داعش بڵاوکراونەتەوە

وەزارەتی دادی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو لیست و ئامارانەی بەناوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە لەبارەی ژمارە و رەگەزنامەی زیندانیانی داعش بڵاوکراونەتەوە، هیچ بنەمایەکی فەرمییان نییە و لەلایەن ئەوانەوە دەرنەکراون، جەختیش دەکاتەوە کە لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن.

ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە کوردستان 24ـی راگەیاند، "ئەو لیستەی بەناوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە ژمارە و ڕەگەزنامەی ئەو چەکدارانەی داعش ئاشکرا دەکات کە لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق، دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی لە وەزارەتی دادەوە لەوبارەیەوە دەرنەچووە، هەروەها لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیشەوە پەسەندکراو نییە".

گوتەبێژەکەی وەزارەتی داد روونیشی کردەوە، رێکارە یاساییەکانی تایبەت بە پڕۆسەی وەرگرتنەوەی زیندانییەکان، بەپێی چوارچێوە فەرمییە پەسەندکراوەکان و بە سەرپەرشتیی لایەنە دادوەری و ئەمنییە تایبەتمەندەکان بەڕێوە دەچێت، ئاماژەی بەوەش دا، لێکۆڵینەوەکانی دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان هێشتا بەردەوامن بۆ وردبینیکردن و جێگیرکردنی زانیارییەکان.

ئەم روونکردنەوەیە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هەواڵیکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتبوو، قۆناغی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی بۆ زیاتر لە 500 زیندانیی داعش تەواو بووە، کە پێشتر لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ عێراق گواسترابوونەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکرابوونەوە و وەزارەتی داد رەتی دەکاتەوە، گوایە ژمارەی ئەو تۆمەتبارانەی لە سووریاوە رادەستی عێراق کراونەتەوە گەیشتووەتە پێنج هەزار و 704 کەس و هەڵگری ڕەگەزنامەی 61 وڵاتی جیاوازن، کە 460 کەسیان عێراقین.