وەزیری ناوخۆی تورکیا: زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان

مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماری نوێی ئەو پەنابەرە سووریانەی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا خاکەکەیان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، لە ساڵی 2016ەوە تا ئێستا، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سووریانەی کە بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە بۆ سووریا، گەیشتووەتە ملیۆنێک و 366 هەزار و 215 کەس، هەروەها ئەو کەسانەی بە "باڵیۆزی خۆشەویستی تورکیا" لە وڵاتەکەیان وەسف کرد.

سەبارەت بە دۆسیەی کۆچبەران بەگشتی، چیفتچی جەختی کردەوە، "کۆچی نایاسایی" یەکێکە لە مەترسیدارترین ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لەسەر ئاستی جیهان، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی تورکیاوە، ئەو وڵاتە بووەتە رێڕەوێکی سەرەکی و گرنگ بۆ پرۆسەی کۆچکردن.

هەروەها وەزیری ناوخۆی تورکیا دووپاتی کردەوە، حکومەتەکەیان بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، بەڵام ئەم پرۆسەیە بە ڕەچاوکردنی تەواوەتی "کەرامەتی مرۆڤ و بەها ئاینی و کولتوورییەکان" ئەنجام دەدرێت.

بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆچی تورکیا، ژمارەی ئەو سووریانەی لەژێر پاراستنی کاتیدان لە نێوان ساڵانی 2011 و 2021 بە بەردەوامی رووی لە بەرزبوونەوە بووە، ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2021 گەیشتە بەرزترین ئاست کە 3,737,369 کەس بوو، بەڵام  بەپێی نوێترین داتاکان، ژمارەی ئەو سووریانەی لە تورکیا دەژین دابەزیوە بۆ نزیکەی 2,371,412 کەس.