پسپۆڕێکی خۆراک رێنمایی لەبارەی هەڵبژاردنی باشترین جۆری ماست دەدات
پسپۆڕێکی بواری خۆراک کۆمەڵێک رێنمایی بڵاودەکاتەوە وەکو ئاسانکارییەک بۆ هەڵبژاردنی باشترین جۆری ماست کە لەگەڵ پێویستییە تەندروستییەکان بگونجێت و جەخت دەکاتەوە کە ماست سەرچاوەیەکی گرنگی پرۆتین و کالسیۆمە.
مەندهی هار، پسپۆڕی بواری خۆراک لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "Very Well Health" ئاماژەی بەوە کردووە، ماست بەکتریای سوودبەخشی تێدایە کە وەک (پرۆبیۆتیک) لەناو ریخۆڵە باریکەدا کار دەکات، ئەمەش تەندروستی کۆئەندامی هەرس باشتر دەکات.
ئەو پسپۆڕە جەختی لەسەر گرنگی خوێندنەوەی لیبڵی زانیارییە خۆراکییەکانی سەر پاکەتەکان کردەوە، چونکە پێکهاتەی بەرهەمەکان لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی دیکە دەگۆڕێت؛ رەنگە هەندێکیان نیشاستە، تام یان رەنگی دەستکردیان تێدابێت، کە ئەگەرچی زیانبەخش نین، بەڵام هیچ سوودێکی خۆراکیی ئەوتۆیان نییە.
مەندهی هار رێنمایی دەدات کە ماستی سروشتی و بێ شەکر هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی رێژەی خواردنی شەکر کەم بکرێتەوە، لە کاتی پێویستیشدا دەتوانرێت کەمێک میوەی فرێش یان هەنگوینی تێبکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەو جۆرە ماستانەی تامیان تێدایە، رێژەیەکی زۆر شەکریان بۆ زیادکراوە کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، پرۆتینی ناو ماست یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژتر هەست بە تێربوون بکات، چونکە پڕۆسەی هەرسکردن خاو دەکاتەوە، ئەمەش وەک بژاردەیەکی باش بۆ پاراستنی وزە و کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکر دادەنرێت.
لە کۆتاییدا ئەو پسپۆڕە روونی کردەوە، ئەو کەسانەی بەرهەمە شیرەمەنییەکان ناخۆن، دەتوانن ماستی رووەکی (وەک ماستی سۆیا، بادەم یان کاشۆ) بەکاربهێنن، بەو مەرجەی سەرنجی رێژەی چەوری و کالۆرییەکەی بدەن. جەختیشی کردەوە کە هیچ جۆرە ماستێکی دیاریکراو نییە بۆ هەموو کەسێک گونجاو بێت، بەڵکو هەڵبژاردنەکە بەگوێرەی پێداویستی جەستە و ئامانجە تەندروستییەکانی هەر کەسێک دەگۆڕێت.