گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران کۆتاییهات
سێشەممە 17ـی شوباتی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەی بڵاوی کردووەتەوە، دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ کۆتاییهات
ئەمە لە کاتێکدایە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە؛ گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عوممان، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا دەستیانپێکرد.
بەدر بن حەمەد ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان نابژیوانی لە نێوان هەردوو شاندەکەدا دەکات. عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆکایەتیی شاندی هەردوو وڵات دەکەن.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر لەبارەی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی تاران و واشنتن لەبارەی پرسی ئەتۆمی، میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی کوردستان24 بوو کە لە لایەن سۆڤان فەرمانەوە پێشکەش کرا.
ئەسەدی گوتی، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر داوای سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە گەڕاوەتەوە سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەو جەختیشی کردەوە، وڵاتەکەی هەمیشە بڕوای بە دیپلۆماسییەت و دانوستان هەبووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
بە گوتەی کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر، تاران بە دوو مەرج رازی بووە دەست بە دانوستانەکان بکاتەوە؛ یەکەم، گفتوگۆکان تەنیا لەبارەی پرسی ئەتۆمی بن و دووەمیشیان، پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت.