تاران: دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن پێی ناوەتە قۆناغی وردەکاریی هەڵگرتنی گەمارۆکان

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختی لەوە کردەوە، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا بە "جیدییەتێکی بەرز" بەڕێوە دەچن. هاوکات دووپاتی کردەوە، گفتوگۆکان پێیان ناوەتە قۆناغی تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکان و پرسە ئەتۆمییەکان.

سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "ئێرنا" ئاشکرای کرد، "ئێران چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ درێژەدان بەم دانوستانانە دووپات کردووەتەوە تا ئەو کاتەی پێویست بێت، تەنانەت ئەگەر کاتێکی زۆریش بخایەنێت".

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە روونی کردەوە کە، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا بە "جیدییەتێکی بەرز" بەڕێوە دەچن، هەروەها "پرسەکان ئاڵۆزن و هیچ ئاستێک لە متمانە لە نێوان هەردوو لایەندا بوونی نییە، بەڵام سەرەڕای ئەم هەلومەرجە، ئێمە پابەندین بە بەردەوامیدان بە دانوستان".

سەبارەت بە گرنگیی ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە دانوستانی ئەم جارە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "ئامادەبوونی ناوبراو گرنگە؛ هەر لێکتێگەیشتنێک کە بەدەست بێت، ئاژانس وەک دەستەیەکی تەکنیکیی نێودەوڵەتیی دانپێدانراو لە بواری قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، رۆڵی تێدا دەگێڕێت".

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە رۆڵی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە رێککەوتنی پێشوودا زۆر روون بوو و لە قۆناغ و بڕگە جیاوازەکاندا ڕەنگی دابووەوە.

ناوبراو دووپاتی کردەوە، کە شاندی ئێران بە جیدییەتی تەواوەوە چووەتە ناو ئەم دانوستانانە و بە کردار سەلماندوویەتی کە هەوڵی گەیشتن بە ئەنجام دەدات.

بەقایی گوتیشی: "پاراستنی بەرژەوەندی و مافە رەواکانی گەلی ئێران، بنەمای سەرەکییە لە رەوتی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا".

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عوممان، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوە چوون.