هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: هەواڵی کشانەوەی مالیکی لە کاندیدبوون دوورە لە راستییەوە
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هەموو ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی رەت کردەوە کە باس لە کشانەوەی کاندیدبوونی "نووری مالیکی" دەکەن لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە.
سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لە میدیاکاندا بڵاو بوونەتەوە.
ناوبراو رایگەیاند: "لە سایەی ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاندنە بە مەبەستەی کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات گوایە چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدبوونی مالیکی کشاندووەتەوە و ناوی جێگرەوەی خستووەتە روو، ئێمە جەخت دەکەینەوە کە ئەم هەواڵانە هیچ بنەمایەکی راستییان نییە".
روکابی لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەش دا، کە چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندە بە هەڵوێستە سیاسییەکانی خۆیەوە و گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی ئەوەشی خستە روو، "هەوڵەکان بۆ شێواندنی رای گشتی سەرکەوتوو نابن"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئامانجی ئەم هەواڵانە دروستکردنی ئاڵۆزییە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا.