وەزیری دەرەوەی عومان: ئەمریکا و ئێران ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دیکە دەکەن
وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، لە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران پێشکەوتنی باش بەدەستهاتووە و هەر دوو ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دیکە دەکەن
سێشەممە 17ـی شوباتی 2026، بەدر بن حەمەد ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویتی: دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئەمڕۆی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە شاری جنێڤ کۆتاییان هات و تێیدا پێشکەوتنی باش بەدەستهاتووە بە ئاراستەی دیاریکردنی ئامانجە هاوبەشەکان و پرسە تەکنیکییە پەیوەندیدارەکان.
وەزیری دەرەوەی عومان ئاماژەی بەوەش کردووە، کەشوهەوای کۆبوونەوەکان بنیاتنەر بووە و پێکەوە هەوڵی جددییان داوە بۆ دەستنیشانکردنی ژمارەیەک لە بنەما رێنماییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لە نێوان هەر دوو لادا، هاوکات رۆڵ و بەشداریی رافایێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەم پڕۆسەیەدا بەرز نرخێنراوە.
ئەلبوسەعیدی جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێشتا کاری زۆر ماوە ئەنجام بدرێت، بەڵام لایەنەکان بە هەنگاوی ڕوون و ئاشکراوە کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشتووە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو.
هەروەها عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: سەبارەت بە بنەما سەرەکییەکان لەگەڵ ئەمریکا گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن و روونیشی کردەوە کە، "لە گەڕی دووەم دانوستانی ئەم جارە لە جنێڤ بەراورد بە گەڕی پێشوو، گۆڕانکاری و پێشهاتی ئەرێنی هاتوونەتە ئاراوە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عوممان، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوە چوون.