رەمەزانی 2026؛ کام وڵاتانە درێژترین و کورتترین کاتژمێرەکانی رۆژووگرتنیان دەبێت؟
زیاتر لە ملیارێک موسڵمان لە سەرانسەری جیهان چاوەڕوانی هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزانی ساڵی 2026 دەکەن. بەپێی پێشبینییە فەلەکییەکان، کاتژمێرەکانی رۆژووگرتنی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمێک کورتتر دەبن، ئەمەش بار سووکییەک بۆ رۆژووەوانان دروست دەکات؛ هاوکات لە هەرێمی کوردستان یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان نزیکەی 12کاتژمێر و 22 خولەک دەبێت.
ماوەی رۆژووگرتن لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت و ئەمەش پەیوەستە بە شوێنی جوگرافی و هێڵەکانی پان و پۆڕی زەوی. لەو ناوچانەی لە هێڵی کەمەرەییەوە نزیکن وەک وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، کاتژمێرەکانی رۆژووگرتن مامناوەندن. هەرچەندە بەرەو باکووری گۆی زەوی بچین کاتژمێرەکان درێژتر دەبن و بە پێچەوانەشەوە بەرەو باشوور کورتتر دەبنەوە.
ناوچە باکوورییە دوورەکانی وەک رووسیا، گرینلاند و ئایسلەندا درێژترین ماوەی رۆژووگرتن تۆمار دەکەن. لە وڵاتانی وەک نەرویج، سوید و فینلەندا، موسڵمانان رۆژانە زیاتر لە 16 کاتژمێر بەڕۆژوو دەبن. لە هەندێک ناوچەی باکووری کەنەدا، بەهۆی درێژیی رۆژەوە، ماوەی رۆژووگرتن دەگاتە نزیکەی 20 کاتژمێر.
زانایانی ئایینی بۆ ئەو موسڵمانانەی لەو ناوچانە دەژین کە رۆژیان بە شێوەیەکی نائاسایی درێژە، دوو بژاردەیان داناوە: یان پەیڕەوکردنی کاتی مەککەی پیرۆز، یان پشت بەستن بە کاتی نزیکترین شاری مامناوەند لە وڵاتەکەی خۆیاندا.
لە بەرانبەردا، ئەو وڵاتانەی لە نیوەگۆی باشووری زەوی هەڵکەوتوون، کورتترین ماوەی رۆژووگرتنیان دەبێت. لە وڵاتانی وەک بەڕازیل، ئەرجەنتین، ئۆرۆگوای، باشووری ئەفریقا، چیلی و نیوزلەندا، ماوەی رۆژووگرتن لە نێوان 11 بۆ 13 کاتژمێردا دەبێت. هەروەها لە ناوچە کەمەرەییەکانی وەک ئەندۆنیسیا، مالیزیا و کینیا، ماوەی رۆژووگرتن جێگیرە و لە نێوان 12 بۆ 14 کاتژمێردایە.
هاوکات لە هەرێمی کوردستان یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان نزیکەی 12 کاتژمێر و 22 خولەک دەبێت، کە ئەمەش زیاتر لە نیو کاتژمێر کەمترە لە یەکەم رۆژی رەمەزانی ساڵی رابردوو.
هەر یەکە لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی سعوودییە، قەتەر، بەحرەین، کوێت، مەغریب، یەمەن، توونس، جەزائیر، فەلەستین، ئیمارات و لوبنان و عێراق (سوننە) بە فەرمی رایانگەیاند کە سبەینێ چوارشەممە یەکەم رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزانە.
لە بەرامبەردا، وڵاتانی عێراق(شیعە)، تورکیا، میسر، سووریا، ئوردن، سوڵتانی عومان، ئەندۆنیسیا، سەنگاپوورە، ئوسترالیا، مالیزیا، بروونای و تایلەند رایانگەیاند کە بەهۆی نەبینینی مانگ، سبەینێ چوارشەممە تەواوکاری مانگی شەعبانە و رۆژی پێنجشەممە یەکەم رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزان دەبێت.