لە 24 کاتژمێردا 50 فڕۆکەی ئەمریکی گەیشتوونەتە ناوچەکە
لە 24 کاتژمێری رابردوودا، ئیدارەی ترەمپ 50 فڕۆکەی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
پێگەی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 50 فڕۆکەی جەنگیی جۆراوجۆری رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، فڕۆکە رەوانەکراوەکان بۆ ناوچەکە لە جۆرەکانی F-16، F-22 و F-35ـن؛ ناردنی ئەم ژمارە زۆرەی فڕۆکە لە یەک کاتدا بۆ شوێنێکی دیاریکراو، بە رووداوێکی دەگمەن دادەنرێت.
پێگە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش داوە، ناردنی ئەم هێزە ئاسمانییە گەورەیە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی واشنتندایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو سیناریۆیەکی پەیوەست بە دۆخی ئێران.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا، بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، هەر دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر (جێراڵد فۆرد و ئەبراهام لینکۆڵن) رەوانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کراون. هەبوونی ئەم دوو کەشتییە، توانایەکی هێرشبەریی بێوێنە دەداتە ئەمریکا کە دەتوانێت بە سەدان فڕۆکەی جەنگییەوە لە یەک کاتدا چەندین ئامانجی جیاواز بپێکێت.
هاوکات میدیا ئەمریکییەکان باس لەوە دەکەن، لەوانەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئیدارەی ترەمپ سێیەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بە ناوی "جۆرج بۆش" رەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.
ئەم جموجووڵە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە جنێڤی سویسرا لە رۆژی سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026؛ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی وەسف کردووە.