دادگای عێراق سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ دوو تۆمەتباری "دزی سەدە" دەرکرد
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاوی کردەوە، دادگای تاوانی نەهێشتنی گەندەڵی سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ بەڕێوەبەرانی پێشووی کۆمپانیاکانی (ئەنسار و میزان عێراق) دەرکرد، ئەم کەسانە بە تۆمەتی دزینی پارەی سپاردەی باج و گواستنەوەی بۆ دەرەوەی وڵات سزا دراون، کە تێیدا پارەکەیان بۆ کڕینی خانوو و ئۆتۆمبێل بەکار هێناوە.
ئەم بڕیارە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و تیرۆر دەرکراوە، دۆسیەی "دزی سەدە" یەکێکە لە گەورەترین کارە نایاساییەکان کە تێیدا بڕی 3.7 تریلیۆن دینار کە دەکاتە (2.5 ملیار دۆلار) لە سپاردەی باج بە فێڵ بردراوە.
سەبارەت بە تۆمەتبارانی دیکە، سەرچاوەکان دەڵێن دادگا سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ نوور زوهێر و ٦ ساڵ بۆ جۆحی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی پێشوو، هەروەها ٣ ساڵ زیندانی بۆ هەیسەم جبووری ئەندامی پێشووی پەرلەمان بڕیوەتەوە.
ئەم بابەتە لە ساڵی 2022 ئاشکرا بوو، کاتێک پێنج کۆمپانیا بە چەکی بێ بنەما پارەیەکی زۆریان بردووە، هەرچەندە نوور زوهێر پێشتر بە کەفالەت ئازاد کرا تا پارەکان بگەڕێنێتەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی لەبەردەم دادگا، چەند جارێک دانیشتنەکان دواخراون و ئێستا سزای توندی بۆ دەرچووە.