%95ـی کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو بوونە
پڕۆژەی ستراتیژیی و فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ نێو شاری هەولێر، کە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەم کارەکانی تەواو بکرێن.
ئەندازیار بڵند حازم، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە کوردستان24ـی رایگەیاند، نزیکەی 95%ـی کارەکانی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی تۆڕەکانی ئاوی ناو شار تەواو بووە، ئاماژەی بەوەشکرد،" درێژیی گشتیی ئەم قۆناخەی پڕۆژەکە 430 کیلۆمەتر بووە، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 410 کیلۆمەتری جێبەجێ کراوە و تەنیا نزیکەی 20 کیلۆمەتری ماوە، هاوکات ئەو بەشەی کە ماوەتەوە، دەکەوێتە سنووری هێڵی فڕۆکەخانەی هەولێر و بەشێک لە هێڵی شەقامی بەحرکە و بەم نزیکانە ئەوانیش کارکردن تیایدا تەواو دەبێت و بە تەواوەتی پرۆژەکە دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان".
رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، "ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە فراوانکردنی خزمەتگوزاریی گەیاندنی ئاوە بۆ سەرجەم گەڕەکەکانی ناو شاری هەولێر، گوتیشی، پڕۆژەکە نەک تەنیا گەڕەکە کۆنەکان، بەڵکو ئەو ناوچانەشی گرتووەتەوە کە لە ماستەرپلاندا هەن و لە داهاتوودا دەبنە گەڕەکی نوێ".
توانای پڕۆژەکە:
ئەم پڕۆژەیە لە توانایدایە لە ماوەی 24 کاتژمێردا، 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ شارەکە دابین بکات.
بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، کێشەی کەمئاوی لە شاری هەولێر بۆ 30 ساڵی داهاتوو بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت.
پڕۆژەکە لە لایەن "کۆمپانیای کەیوان"ـەوە جێبەجێ دەکرێت و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 20 رۆژ تا مانگێکی دیکە، سەرجەم بڕگەکانی کارکردن تێیدا کۆتایی پێ بێت.