حکوومەتی هەرێم لە پێدانی شتڵ پاڵپشتی جووتیاران دەکات

وەک ئامادەکاری بۆ وەرزی چاندن، جووتیاران دەست بە چاندنی شتڵ دەکەن، مام محەممەد یەکێکە لە جووتیارانی زاخۆ، بەشێک لە شتڵەکانی لە نەمامگەی زاخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاندن کڕیوە و دەیانچێنێت، شتڵەکانی هەنار و مێوی ترێی بە نیوەی نرخی بازاڕ لە حکومەت کڕیوە، لەبەر ئەوەی پاڵپشتی دەکرێن بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەسەر بەرهەمهێنانی بەرهەمە ناوخۆییەکان.

محەممەد یوسف، جووتیار بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە بازاڕ نرخەکان گرانترن، لێرە بە هەزار یان دوو یان سێ هەزار دینار پێمان دەدەن، لە بازاڕ هەندێک نەمام هەیە بە 50 هەزار یان 90 هەزار دینارە، بەتایبەت ئەوانەی گەورەن. ئێمە ساڵانە نەمام دەچێنین، ئەگەر بەم شێوەیە پاڵپشتیمان بکەن بۆ ئێمە زۆر باشترە."

نۆ جۆر داری میوەکان وەک پرتەقاڵ، هەنار، خۆخ، هەڵووژە، قەیسی، مێو، فستق، بادەم و هەنجیر ئامادە کراون و تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار شتڵیان لێ فرۆشراوە.

سالم، بەرپرسی نەمامگەی زاخۆ، گوتی: "ئێمە نۆ جۆر شتڵمان هەیە، بادەم، هەنجیر، خۆخ، قەیسی، هەڵووژە، هەنار، مێو، توو و فستق، بە گشتی نۆ هەزار و 735 شتڵمان هەبوو، تا ئێستا سێ هەزار و 471 شتڵمان لێ فرۆشتووە."

نزیکەی 10 هەزار شتڵ ئامادە کراون و بەسەر جووتیاراندا بە کەمترین نرخ بەراورد بە بازاڕ دابەش دەکرێن.

سەلمان محەممەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی زاخۆ دەلێت، "وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، نەمامگەیەکمان هەیە تایبەت بە پاڵپشتیکردنی جووتیاران، ساڵانە نەمام بەرهەم دەهێنین و بە نرخێکی زۆر گونجاو کە دەتوانین بڵێین نیوەی نرخی بازاڕە، دەیانفرۆشینەوە بە جووتیاران وەک پاڵپشتییەک بۆ کەرتی کشتوکاڵ."

وەک ئامادەکاری بۆ وەرزی هاوین و چاندنی داروبار، تا کۆتایی مانگی شوبات دابەشکردنی شتڵ بەسەر جووتیاراندا بەردەوام دەبێت.

"جووتیاران دەتوانن بە خواستی خۆیان هەر بڕە شتڵێکیان بوێت لە حکومەت بە نیوەی نرخی بازاڕ بیکڕن و لە ناو باخ و بێستانەکانیاندا بیچێنن، بۆ ئەوەی بەردەوامی بە کارە کشتوکاڵییەکانیان بدەن. ئەحمەد جەسور، کوردستان ٢٤، زاخۆ."