تاران و مۆسکۆ مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەش ئەنجام دەدەن

وێنە، گەیشتنی کەشتیەکی جەنگی رووسیا بۆ بەندەر عەباس، کە بەشداریی لە مانۆڕەکە دەکات
وێنە، گەیشتنی کەشتیەکی جەنگی رووسیا بۆ بەندەر عەباس، کە بەشداریی لە مانۆڕەکە دەکات

بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، تاران و مۆسکۆ مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەش لە ئاوەکانی دەریای عوممان و باکووری زەریای هیندی ئەنجام بدەن، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری دەریایی ئەنجام دەدرێت.

ئاژانسی "فارس"ـی نیمچە فەرمی بڵاویکردەوە، تاران و مۆسکۆ ئەم مانۆڕە دەریایییە هاوبەشە ئەنجام دەدەن، ئەمەش تەنیا دوای ماوەیەکی کەم دێت لە مەشقە سەربازییەکانی سوپای پاسداران لە ناو گەرووی هورمزدا.

حەسەن مەقسودلو، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی دەریاییی ئێران دەڵێت، "ئامانجی سەرەکیی ئەم مانۆڕە، گەیشتنە بە هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە چالاکییەک کە ئاسایشی دەریا دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها بۆ دژایەتیکردنی تیرۆری دەریایییە."

سەوی رابردوو تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، تاران بۆ چەند کاتژمێرێک گەرووی هورمز دادەخات ئەمەش بەمەبەستی مانۆڕی سەربازییە، هەروەها فەرماندەی هێزی دەریاییی سوپای پاسداران، عەلی تەنگسیری، ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ داخستنی تەواوەتی ئەو شوێنە ئەگەر سەرکردایەتیی سیاسی وڵاتەکە بڕیاری لێ بدات.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن لە جنێڤ بەڕێوەچوو، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، هەر رێککەوتنێک ئەنجام بدرێت، پێویستە مافە یاساییەکانی ئێرانی تێدا پارێزراو بێت و هۆشداریشی دا هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی لێکەوتەی خراپی دەبێت و بەرۆکی هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە.