شەش سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پاڵپشتی نووری مالیکی کشانەوە

تا دێت بەرەی پاڵپشتیکردنی نووری مالیکی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی کەمتر دەبێتەوە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون دەڵێت، ناچارین بەربژێرەکەمان بگۆڕین.
چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026، حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون بە کوردستان24ی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 6 سەرکردەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە تەواوی لە پاڵپشتی کردنی نووری مالیکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق كشاونەتەوە و بەهیچ جۆرێک پاڵپشتی ناکەن.
جەختی لەوەش کردەوە، پاڵپشتی نەکردن لە مالیکی فراوانتر دەبێت و سەرکردەیەکی دیکەش دەچێتە پاڵ دەنگە ناڕازییەکان، هەروەها، هەندێک نوێنەر و لایەن لەناو خودی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پاڵپشتیان بۆ نووری مالیکی کەم کردووەتەوە.
ئاشکراشی کرد، ژمارەی کورسییەکانی ئەو لایەنە شیعانەی کە لەگەڵ کاندیدکردنی نووری مالیکی نین دەگاتە دوو لەسەر سێی سەرجەم کورسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی.
ئێستا دوو بژاردە لەبەردەم چوارچێوای هەماهەنگی دایە، یەکەم نووری مالیکی خۆی بکشێتەوە، یاخود بە بڕیاڕێکی گشتی ناو چوارچێوەکە بکشێتەوە.

لەو بارەیەوە، حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون دەڵێت، ئێمە ناچارین کاندیدەکەمان بکشێنینەوە، تەنیا ئەو دوو بژاردەیەمان هەیە، چونکە ئەمە هاوکاتە لەگەڵ خواستی هەریەکە لە کورد و سوننەکانیش، ئەوان لەگەڵ ئەوەنین دژی پەیامەکەی ترەمپ هەنگاو بنرێت، ئەوەش مافی خۆیانە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 27ی کانوونی دووەمی 2026 لە پەیامێکدا هۆشداریی دا کە ئەگەر نووری مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران، واشنتن چیتر هاوکاریی عێراق ناکات.