ئەحمەد شەرع فەرمانی لێبوردنی گشتی بۆ زیندانیان و داواکراوان لە سووریا دەرکرد
سەرۆکی سووریا، مەرسوومی تەشریعیی بۆ پێدانی لێبوردنی گشتی دەرکرد، بڕیارەکە لێبوردنی تەواوەتی و بەشەکی بۆ سزاکانی کەتن، سەرپێچی و هەندێک لە تاوانە قورسەکان لەخۆدەگرێت، بەو مەرجەی تاوانە گەورەکانی وەک ئەشکەنجەدان، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و پێشێلکارییەکانی دژ بە گەلی سووریا نەگرێتەوە.
چوارشەممە 18ی شوباتی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، مەرسوومێکی تەشریعیی نوێی بە ژمارە 39 بۆ ساڵی 2026 دەرکرد، کە تێیدا لێبوردنێکی گشتی بۆ ئەو تاوانانە ڕاگەیاندووە کە پێش ڕێکەوتی 17ی شوباتی 2026 ئەنجام دراون. ئەم بڕیارە کە لە پێنج پەڕەی فەرمی پێکهاتووە، لێبوردنی تەواوەتی بۆ سەرجەم سزاکانی کەتن و سەرپێچییەکان دەگرێتەوە، جگە لەوەی چەندین جۆر لە تاوانەکانی وەک قاچاخچێتی، بازرگانیکردن بە دراوە بیانییەکان، و تاوانەکانی پەیوەست بە پاراستنی بەکاربەر دەچنە چوارچێوەی لێبوردنە تەواوەتییەکەوە.
مەرسوومەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لێبوردنی مەرجدار بۆ تاوانەکانی ڕفاندن پەیڕەو دەکرێت، بەو مەرجەی ڕفێنەران کەسانی ڕفێنراو بەبێ بەرانبەر و بەبێ زیانی جەستەیی ئازاد بکەن، یان لە ماوەی مانگێکدا دوای دەرچوونی مەرسوومەکە ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان بکەنەوە.
هەروەها ئەو کەسانەی چەکی بێ مۆڵەتیان لایە، سێ مانگیان لەبەردەمدایە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان تاوەکوو لە سزا ببەخشرێن.
سەبارەت بەو کەسانەی لە زیندانەکان هەڵاتوون یان داواکراون، مەرسوومەکە مۆڵەتی 60 ڕۆژی بۆ دیاری کردوون تاوەکوو خۆیان ڕادەستی لایەنە ئەمنییەکان یان داواکاری گشتی بکەن بۆ ئەوەی بتوانن سوود لەم لێبوردنە وەربگرن، هاوکات جەخت کراوەتەوە کە لێبوردنەکە تەنیا سزای گشتی دەگرێتەوە و دەبێت مافی کەسی و قەرەبووی زیانلێکەوتووان پێشوەختە یەکلا بکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەم لێبوردنە کۆمەڵێک تاوانی هەستیار و مەترسیدار بەدەر دەکات کە هیچ جۆرە ئاسانکارییەک نایانگرێتەوە، لەوانە ئەو تاوانانەی وەک پێشێلکاری گەورە بەرانبەر بە گەلی سووریا پۆلێن کراون، لەگەڵ تاوانەکانی ئەشکەنجەدان، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دزینی پێکهاتەکانی تۆڕی کارەبا و پەیوەندییەکان.
هەروەها تاوانەکانی وەک لەشفرۆشی، فێڵکردن لە تاقیکردنەوەکاندا، و ئەو تاوانانەی لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە بڕیاریان لەسەر دراوە، لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم لێبوردنە دەمێننەوە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە کە وەزیری داد ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی لیژنەی پزیشکی بە مەبەستی پشکنینی ئەو کەسانەی بەهۆی باری تەندروستییانەوە داوای لێبوردن دەکەن، و سەرجەم داواکارییەکان دەبێت لە ماوەی دوو مانگدا پێشکەش بە دیوانی داواکاری گشتی یان ئیدارەی زیندانەکان بکرێن. ئەم مەرسوومە کە لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەیەوە لە ڕۆژنامەی فەرمی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم دەزگا پەیوەندیدارەکان پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی.




