بارانی ئەمساڵ کاریگەریی بەسەر بەرهەمە خۆرسکەکان هەبووە

سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ رێژەیەکی باشی باران لە ناوچەکانی گەرمیان باریوە، بەڵام بەهۆی درەنگکەوتنی یەکەم باران لە وەرزی زستاندا، بەرهەمە خۆرسکە شاخییەکانی وەک "کەنگر، دۆمەڵان و قارچک" لە بازاڕەکاندا کەمن و ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانیان.

لە ناوچە شاخاوییەکانی باشووری کفری، هاووڵاتیان وەک نەریتێکی ساڵانە لە وەرزی بەهاردا دەست دەکەن بە گەڕان بەدوای بەرهەمە خۆرسکەکاندا. ئیدریس محەممەد، یەکێک لەو هاووڵاتیانەیە دوای دوو کاتژمێر گەڕان لەناو دۆڵ و تەپۆڵکەکاندا، هێشتا نەیتوانیوە بڕێکی ئەوتۆ لە کەنگر و دۆمەڵان بدۆزێتەوە.

ئیدریس هاووڵاتییەکی گەرمیانە دەڵێت: "هەموو ساڵێک دەهاتم بۆ ئێرە و بڕێکی زۆرمان دەستدەکەوت، بەڵام ئەمساڵ بارانبارین زۆر درەنگ کەوت، لە نیوەی مانگی 12 بەدواوە باران باری، بۆیە تا ئێستا بەرهەمەکان وەک پێویست دەرنەکەوتوون."

کەمیی ئەم بەرهەمانە لە سروشتدا، راستەوخۆ کاردانەوەی لەسەر بازاڕەکانی گەرمیان هەبووە. ڕەشید عەلی، فرۆشیارێکی میوە و سەوزەیە، ئاماژە بە جیاوازی نرخەکان دەکات لەنێوان ئەمساڵ و ساڵی رابردوودا.

بە گوتەی ئەو فرۆشیارە: "ساڵی رابردوو لە دوای 15ـی شوبات نرخی یەک کیلۆ کەنگر کەمتر لە دوو هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ هەم بڕەکەی کەمە و هەم نرخەکەشی لە سەروو سێ هەزار دینارەوەیە." هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو بەرهەمە خۆرسکانەی ئێستا لە بازاڕدا هەن، تەنیا ماوەی هەفتەیەکە دەرکەوتوون.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان، بۆ ئەوەی ناوچەکە لە مەترسی وشکەساڵی رزگاری بێت، پێویستە لە وەرزی زستاندا 250 ملم باران ببارێت. هەرچەندە ئەمساڵ لە زۆربەی ناوچەکانی گەرمیان ئەو بڕە بارانە باریوە، بەڵام درەنگکەوتنی بارانەکە لە سەرەتای زستاندا وایکردووە گەشەی بەرهەمە خۆرسکەکان دوابکەوێت.

ئەمساڵ گەرمیان لە وشکەساڵی رزگاری بووە، بەڵام ئارەزوومەندانی بەرهەمە بەهارییەکان دەبێت پارەیەکی زیاتر بدەن بۆ چێژوەرگرتن لەو خواردنە خۆرسکانەی سروشتی ناوچەکە پێیان دەبەخشێت.