کۆشکی سپی: باشترە ئێران بژاردەی رێککەوتن هەڵبژێریت
کۆشکی سپی رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، دیپلۆماسی وەک بژاردەی یەکەم بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دەبینێت، بەڵام هاوکات هۆشداریی توندی داوە کە پاساوی زۆر بۆ هێرشی سەربازی لەبەردەستن و پێویستە تاران لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بە وردەکاریی زیاترەوە بگەڕێتەوە.
چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026، کارۆلاین لیڤت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا جەختی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتەکەی، پێشینە دەداتە چارەسەری دیپلۆماسی، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، ئێرانییەکان دەبێت ژیرانە رەفتار بکەن و بێنە پای رێککەوتن، چونکە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کاریگەریی گەورەیان هەبووە و گەلێک پاساویش لەبەردەستن بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ ئەگەر تاران بژاردەی رێککەوتن ڕەت بکاتەوە، بۆیە بۆ ئەوان وا باشترە بژاردەی رێککەوتن هەڵبژێرن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) هۆشداریی داوە کە ئەگەر رێککەوتن واژۆ نەکرێت، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بنکەی سەربازیی دیێگۆ گارسیا بۆ هەر کاردانەوەیەکی سەربازیی پێویست بەکار دەهێنێت.
لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تۆمی بیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتەکە، داکۆکی لە ستراتیژیی ترەمپ کرد و رایگەیاند سەرۆکی ئەمریکا هەر قسەیەک بکات جێبەجێی دەکات، وەک چۆن لە ئۆپەراسیۆنی "میدنایت هامەر"دا دەرکەوت، ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە ئامادەباشیدان، بەڵام ترەمپ لە کۆتاییدا ئاشتی دەوێت.
لەلایەکی دیکەوە، سێ بەرپرسی باڵای ئێران ئاشکرایان کردووە کە تاران ئامادەیی نیشان داوە بۆ هەڵپەساردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 3 بۆ 5 ساڵ، کە تەواوی خولی سەرۆکایەتیی ترەمپ دەگرێتەوە، لەگەڵ کەمکردنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆم لەناو خاکەکەیدا بە چاودێریی پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر بانک و هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی، بەڵام ئێرانییەکان سوورن لەسەر ئەوەی دەستبەرداری پیشەسازیی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانە و توانای مووشەکیی خۆیان نابن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنی سێشەممە، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عوممان، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوە چوون.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەو بارەوە گوتی: سەبارەت بە بنەما سەرەکییەکان لەگەڵ ئەمریکا گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتن و روونیشی کردەوە کە، "لە گەڕی دووەم دانوستانی ئەم جارە لە جنێڤ بەراورد بە گەڕی پێشوو، گۆڕانکاری و پێشهاتی ئەرێنی هاتوونەتە ئاراوە".
هەروەها بەدر بن حەمەد ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیبووی: لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئەمڕۆی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشکەوتنی باش بەدەستهاتووە بە ئاراستەی دیاریکردنی ئامانجە هاوبەشەکان و پرسە تەکنیکییە پەیوەندیدارەکان و هەر دوو لا ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دیکە دەکەن