بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا: چاوەڕوانین ئێران وەڵاممان بداتەوە

بەرپرسێکی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداری دەداتە تاران و رایدەگەیەنێت، "تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی ئێراندایە" و واشنتن چاوەڕوانی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیە سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "ئاکسیۆس" ئاشکرای کردووە، واشنتن چاوەڕوانە تا کۆتایی ئەم مانگە ئێران پلان و وەڵامی خۆی پێشکەش بکات بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە، کاتەکە خەریکە تەواو دەبێت و ئێستا بڕیاردان لە ئەستۆی ئێراندایە.

هاوکات لەگەڵ ئەم فشارە دیپلۆماسییانە، بەرپرسەکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتەکەی 13 کەشتیی جەنگی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری لە دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور جێگیر کردووە. راشیگەیاند: "بژاردەی شەڕ و ئاشتی ئێستا لە دەستی ئێراندایە، تاران چۆن بیەوێت، ئێمە بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین."

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی رابردوو، ئەو سەرچاوەیە بۆ "ئاکسیۆس" ئاشکرای کردووە، دواین خولی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن لە جنێڤی سویسرا، هیچ دەرئەنجامێکی دڵخۆشکەری نەبووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دۆخەکە بە جۆرێکە وادیارە هەردوولا نەگەنە رێککەوتن، مەگەر ئێران گۆڕانکاریی ریشەیی لە هەڵوێستەکانیدا بکات.

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم ئەگەرێکی کراوەی گرژییەکاندایە و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی مانگ ئاڕاستەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن روونتر ببێتەوە.