وەزارەتی دەرەوەی عێراق: مالیكی ببێتەوە سەرۆکوەزیران ئەمریکا سزامان بەسەر دەسەپێنێت

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرای دەکات، هۆشداریان لەلایەن ئەمریکاوە پێگەیشتووە لەئەگەری بوونی نووری مالیکی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، سزا دەسەپێنن.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا باس لەوەدەکات؛ بەشێوەی زارەکی لەلایەن ئەمریکاوە هۆشداریان پێدراوە لە بەرامبەر دەرئەنجامەکانی بوونی نووری مالیکی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئاگادار کراونەتەوە گەر مالیکی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەوە سزا بەسەر چەند کەسایەتی و دامەزراوەیەکدا دەسەپێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنی ئەمریکی باسیان لە پێوەرەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا کردووە.

لەبەرامبەردا، هیشام روکابی، بەرپرسی راگەیاندنی نووری مالیکی لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' ئاماژەی بەوەداوە، ئەوەی هەیە هەڵمەتێکی میدیای فراوانە بۆ ئەوەی وا لە مالیکی بکەن بکشێتەوە و کەسێکی دیکە بخەنە شوێنی، بەڵام ئەو هەڵمەتە سەرناگرێت و چوارچێوەی هەماهەنگی پەیوەستە بە هەڵوێستەکانیەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی دیكە چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران کۆببێتەوە، ئەم كۆبوونەوەش یەكلاكەرەوە بێت.

بە گوتەی بەرپرسانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوە لەبارەی چارەنووسی نووری مالیكی كاندیدی سەرۆكوەزیران دەكات، 

ئەم كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی هاوكاتە لەگەڵ ئەو پەیام و فشارانە ئەمریكا كە لەبارەی جارێكی دیكە كاندیدكردنەوەی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران بە عێراقی گەیاندووە.