کەنەدا گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر سووریای هەڵگرت

ئانیتا ئەناند، وەزیری دەرەوەی کەنەدا، رایگەیاند، هەموو گەمارۆ ئابووریەکانی سەر سووریایان هەڵگرت کە لە 2011ەوە بەسەر رژێمی بەشار ئەسەد دا سەپێنراوە.

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، پێی بڕیارە نوێیەکە، سنووردارکردنەکان لەسەر هاوردە و هەناردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، چالاکییەکانی وەبەرهێنان، دابینکردنی خزمەتگوزارییە داراییەکان و مامەڵەکانی پەیوەست بە کەرتەکانی نەوت و پەیوەندییەکان سووک کراون.

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ئاماژەی بەوەشکرد، 24 قەوارە و کەس لە لیستی سزاکان سڕدراونەتەوە، ئامانج لەم کارە لادانی ئاستەنگەکانی بەردەم چالاکییە ئابوورییەکان و ئاسانکارییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت لە کەرتە گرنگەکاندا، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە پرۆسەی بوژانەوەی سووریا.

کەنەدا دوو پێوەری نوێی بۆ دیاریکردنی ئەو کەس و قەوارانە داناوە کە دەخرێنە لیستی سزاکانەوە؛ ئەوانیش بریتین لەو لایەنانەی تێوەگلاون لە "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ" یان "تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری"، هاوکات جەختکراوەتەوە کە ئەو سزا و رێوشوێنانەی لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2017 بەسەر کەسایەتییە نزیکەکانی رژێمی پێشوودا سەپێندرابوون، وەک خۆیان دەمێننەوە.

وەزارەتی دەرەوە باسی لەوەشکردووە، ئەم بڕیارانە بە ئامانجی پشتیوانیکردنی حکوومەتی سووریایە بۆ گەیشتن بە قۆناغێکی نوێی سیاسیی هەمەلایەنە، هەروەها ئاشکراشیکرد، وڵاتەکەی لە ساڵی 2016ـەوە تا ئێستا، زیاتر لە 4.7 ملیار دۆلاری وەک هاوکاریی مرۆیی و پەرەپێدان پێشکەش بە سووریا و وڵاتانی میوانداری پەنابەران کردووە.

راشیگەیاند، ئێستا لیستی سزاکانی کەنەدا 229 کەس و 32 قەوارە لەخۆدەگرێت کە بەرپرسانی پێشوو و هاوکارانی رژێمی لەکارلادراو دەگرێتەوە، حکوومەتی کەنەدا دووپاتی کردەوە، بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی دۆخەکە بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی مەدەنییەکان و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.