داوای درێژکردنەوەی ماوەی هەڵبژاردنی وانەی زمانی کوردی دەکرێت

کۆمەڵەی بزووتنەوەی زمانی کوردی " هەز کورد" و "شۆپا کورد" تاوەکو ئەمڕۆ کە دوایین رۆژی پێشکەشکردنی داواکارییە بۆ وانە کوردییەکان، گۆڕەپانەکان و بەردەم دەرگای قوتابخانەکانیان چۆڵ نەکرد و لە ڕێگەی  ستاندە بچووکەی مەیدانی "ئەسەنیورت"ەوە داوایان لە هاووڵاتییان کرد کە وانەی کوردی لە قوتابخانەکان بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن.

سەرۆکی هەزکورد،  ڕایگەیاند لە زۆرێک لە قوتابخانەکاندا قوتابیان و دایک و باوکان لە بوونی وانەی کوردی ئاگادار نەکراونەتەوە و کەموکوڕی لە پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکارییەکاندا هەبووە، هەر بۆیە داواکارییان پێشکەش بە وەزارەتی پەروەردە کردووە تاوەکو ماوەی ناونووسین و پێشکەشکردنی داواکارییەکان درێژ بکرێتەوە.

سوبحی ئۆزگەن، سەرۆکی هەزکورد بە کوردستان24ـی راگەیاند: داوام لە وەزارەتی پەروەردە کردووە، ماوەی ناونووسین تاوەکو 2ـی ئادار درێژبکرێتەوە، چونکە بەشێکی زۆری دایک و باوکەکان بێ ئاگابوون لەو پرۆسەیە، هەروەها قوتابی لەسەر فۆڕمێک ناو و پۆڵ و قوتابخانە و زمانی دایکی، وانەکان پڕ دەکاتەوە و پێشکەشی قوتابخانەکەی دەکات. 

لە نێو گۆڕەپانەکە ژمارەیەک هونەرمەندی کورد بە گۆرانییە کوردییەکانیان هاووڵاتییانیان جۆش دەدا بۆ بەشداربوون لە پرۆسەکە و بە گوتنەوەی" چ خۆش ئاوازە، لەتیف و نازە زمانێ کوردی" گەرموڕیان بە شوێنەکە بەخشیبوو.

محەممەد سەرحەد، هونەرمەند بە کوردستان24ـی گوت: وەکو هونەرمەندێک داوا لە هەموو قوتابیاسن دەکەم بە زمانی دایکی خۆیان بچنە قوتابخانە و بە کوردی وانە بخوێنن، هەروەها پێویستە سوور بن لەسەر داواکارییەکانیان و لە داهاتوودا گرنگی زۆری بۆ نەوەکانمان دەبێت.

دوای نیوەڕۆ کۆمەڵەکە روویان لە بەردەم دەرگای قوتابخانەکان کرد و لەوێ فۆڕمی داواکاریی وانە کوردییەکان بەسەر قوتابیان و دایک و باوکیان بڵاو کردەوە.

هەروەها زۆرێکیان نەک لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەوە، بەڵکوو بەهۆی ئەم چالاکییەوە لە هەبوونی وانە کوردییەکان ئاگادار بوون.

هاووڵاتییانیش ئاماژە بەوە دەکەن، ئاگاداری پرۆسەکەی لەمشێوەیە نەبووینە، چونکە بەڕێوەبەراتیی قوتابخانەکان ئێمەیان ئاگادار نەکردووەتەوە، دەمانەوێت منداڵەکانمان بە زمانی کوردی وانە بخوێنن. 

لە تورکیا لە ساڵی 2012وە وانە کوردییەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکاندا دەگوترێنەوە. داواکاری بۆ وانە کوردییەکان ساڵ بە ساڵ ڕوو لە زیادبوونە و ساڵی رابردوو لە تەواوی تورکیا و باکووری کوردستاندا، نزیکەی 60هەزار قوتابی داواکارییان بۆ وانەکان پێشکەش کرد.