نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ناکرێت هەڕەشەکانی ترەمپ تەنیا بە قسەی ئاسایی وەربگیرێن
سەعید ئیرەوانی: لە چوارچێوەی بەرگرییدا ئێران هەموو بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە ئامانجی رەوا دەزانێت
نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: ناکرێت هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بە کەم سەیر بکرێن؛ چونکە ئاماژەن بۆ مەترسییەکی راستەقینەی پەلاماردانی سەربازی، ئەمەش دەرئەنجامەکانی بۆ ناوچەکە کارەساتبار دەبن.
میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ هەینی 20ی شوباتی 2026، ناوەرۆکی نامەکەی ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڵاوکردووەتەوە، کە داوا دەکات " ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت دەستبەجێ هەنگاو بنێن، پێش ئەوەی درەنگ بکەوێت؛ نابێت دووبارە رێگە بدرێت شەرعییەت بدرێتە هێرشی سەربازی و هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا تەنیا وەک هەڵوێستێکی سیاسی سەیر بکرێت یان وەک ئامرازێکی سیاسەتی دەرەوە بەکاربهێنرێت. ئەگەر ئەم جۆرە رەفتارە نایاساییانە بێ وەڵام بمێننەوە، بەم زووانە نۆرەی وڵاتێکی دیکەی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دێت.
ئیرەوانی لە نامەکەیدا دەڵێت "بەکارهێنانی بنکەی دیێگۆ گارسیا بۆ هێرشی سەربازی دژی ئێران، وەک ترەمپ لە قسەکانیدا باسی کردوون، پێشێلکارییەکی زەقی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و دەبێت ئەنجوومەنی یاسایش هەنگاوی بە پەلە بگرێتەبەر".
ئیرەوانی لە نامەکەیدا دەڵێت: هەڕەشە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی هێز لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جوڵاندنی هێز بە بەردەوامی و جێگیرکردنی هێزی دەریایی و ئاسمانی لەلایەن ئەمریکاوە، لەگەڵ لێدوانە شەڕانگێزییەکانی سەرۆکی ئەو وڵاتە ناکرێت تەنیا وەک قسە سەیر بکرێن؛ بەڵکو ئەم جۆرە لێدوانانە ئاماژەن بۆ مەترسییەکی راستەقینەی پەلاماردانی سەربازی، کە دەرئەنجامەکانی بۆ ناوچەکە کارەساتبار دەبن و هەڕەشەیەکی جددی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات.
نوێنەرەکەی ئێران دەڵێت: هەڕەشە بەردەوامەکانی ترەمپ مەترسییە بۆ دروستکردنی قەیرانێکی گەورە و ناسەقامگیرییەکی نوێ لە ناوچەکەدا، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران چەندینجار لە ئاستە باڵادا رایگەیاندووە، کە بەدوای جەنگ و گرژی و ئاڵۆزییەوە نییە، هەربۆیە ئێران دەستپێشخەری هیچ جەنگێک ناکات، بەڵام ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران بکەوێتە بەر هێرشی سەربازی، ئەوکاتە بەپێی ماددەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرگریی لەخۆی دەکات و جەنگ یەکلا دەکاتەوە.
دەشڵێت: کۆماری ئیسلامی ئێران، لە چوارچێوەی بەرگری و بەرپەرچدانەوەی هێرشکاراندا، هەموو بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە ئامانجی رەوای وەڵامدانەوەکانی دەزانێت؛ بۆیە روون و ئاشكرای ئەمریکا بەرپرسیارێتی تەواو و راستەوخۆی دەکەوێتە ئەستۆ، بەرانبەر هەر دەرئەنجامێکی پێشبینینەکراو و کۆنترۆڵنەکراو لە ناوچەکەدا.
نامەکەی سەعید ئیرەوانی بۆ سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کاتێکدا، شەوی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی سەرپێی لە نێو فڕۆکەکەیدا بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، تاران تەنیا ماوەیەکی کورتی 10 بۆ 15 رۆژەی لەبەردەمە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن، ئەگەرنا رووبەڕووی دەرئەنجامی نەخوازراو دەبێتەوە.