محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود: پێویست ناكات ئه‌وه‌نده بچنه به‌غدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچی لێ سه‌وز نابێت
"باسی (كورد و سووننه و شیعه) مه‌كه‌ن، واباشتره بڵێن كورد قه‌زیه‌یه‌كی هه‌یه و عه‌ره‌ب له‌دژی ئه‌و قه‌زیه‌یه ده‌وه‌ستێته‌وه"

K24- هه‌ولێر:
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 رایگه‌یاند، چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كورد له به‌غدا نییه، سه‌ره‌تا ده‌بێت ناوماڵی كورد رێكبخرێته‌وه، دانوستانی كورد له به‌غدا هیچی لێ سه‌وز نابێت.
له‌باره‌ی په‌شیمانبوونه‌وه‌ی لایه‌نه عێراقییه‌كان بۆ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، "محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود" گوتی: "به‌رچاوم روونه و پێشتریش زانیومه، له‌كاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق ئه‌و بابه‌ته‌م باس كردووه، كۆمه‌ڵێك خاڵی گرنگ هه‌یه به‌سه‌ر كورددا تێنه‌په‌ڕێت، مه‌سه‌له‌ی زۆرینه و كه‌مینه، یه‌كێك له‌و خاڵه گرنگانه بوو، ده‌بووایه كورد به‌سه‌ریدا تێنه‌په‌ڕێت، ته‌نانه‌ت باسی ده‌ستووری لوبنانم كردووه، گوتیان ئه‌وه تایفه‌گه‌رییه و چۆن ده‌بێت وابێت، براده‌ران دره‌نگ تێگه‌شتن به‌غدا چی ده‌وێت، جاران ده‌مانگوت ده‌سه‌ڵات و رژێمی عێراقی دژی كوردن، ئێستا دیاره عه‌ره‌ب دژی كوردن، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌غدا ده‌یه‌وێت هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌یه‌ك نزیك ببنه‌وه، لایه‌نه‌كانی عێراق به ئاشكرا ده‌ڵێن: ناتوانین له كورد نزیك ببینه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردن ده‌نگمان ناده‌نێ، كورد لای عه‌ره‌ب ئه‌وه‌نده مه‌ترسییه، میلله‌ته‌كه‌ی ده‌نگی پێنادات، ئێستا له به‌غدا كێشه له‌نێوان كورد و عه‌ره‌به، نه‌وه‌ك ئه‌وه‌ی جاران ده‌مانگوت كورد كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی عێراقه".
كورد چی بكات؟
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود گوتیشی: "ئه‌وان له‌كاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق ده‌سه‌ڵاتیان نه‌بوو، به به‌ڵگه هه‌موو ئه‌و ناوانه‌م لایه، كه دژی به هه‌رێمبوونی كوردستان بوون، ئه‌وان پێیان وایه دوای ئه‌مه‌ریكا، كورد شتێكی به‌ده‌ستهێناوه، پێویسته لێیان وه‌ربگرنه‌وه و وه‌كو خۆی لێبكه‌نه‌وه، به رای من چیدیكه (كورد و سووننه و شیعه) باس نه‌كه‌ین، واباشتره بڵێن كورد دۆزێكی هه‌یه و عه‌ره‌ب له‌دژی ئه‌و دۆزه ده‌وه‌ستێته‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌یبینین له‌سه‌ر بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و یاسای هه‌ڵبژاردن و چه‌ندی یاسایه‌كی دیكه له عێراق، سووننه و شیعه یه‌كده‌نگ دژی كوردن، واتا عه‌ره‌ب به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورددا ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد و عه‌ره‌ب هاوبه‌ش بوون، له ده‌ستووری كاتی عێراق له ساڵی (1958) به‌و شێوه‌یه بووه".
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود روونیكرده‌وه، "حزبه سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ ناوماڵی كورد و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌یه خه‌مساردن، ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتارانی كورد له به‌غدا، شانبه‌شانی ئه‌وان، دژی هه‌ڵوه‌شانه‌وی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانن، ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن حكومه‌تی عێراقی بێت مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بدات، پێمباشه هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت، با به‌و شێوه‌یه نه‌بێت هه‌موو شتێك بده‌ین به به‌غدا، به‌ڵام بچین داوای پاره له به‌غدا بكه‌ین، با واز له‌وه بێنن، ئه‌نجومه‌نێكی سیاسی له كوردستان درووست بكه‌ن، ئه‌و ئه‌نجومه‌نه بتوانێت ئه‌و حزبانه‌ی له په‌رله‌مان و حكومه‌ت نین، كۆبكاته‌وه، ببنه خاوه‌نی ئه‌و دۆزه‌ی ئێستا له كوردستاندا هه‌یه، پێكه‌وه له‌و ئه‌نجومه‌نه پێشنیازیان هه‌بێت، ئه‌نجومه‌نی سیاسی یه‌كێكه له‌و چاره‌سه‌رانه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی كوردستان، ئاشتبوونه‌وه‌ش له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌كرێت، پێویست ناكات ئه‌وه‌نده بچنه به‌غدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچی لێ سه‌وز نابێت، ئه‌وه‌ی لێره‌وه ده‌كرێت باشتر ئه‌نجامی ده‌بێت".
به‌غدا رێكده‌كه‌وێت؟
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود جه‌ختی كره‌وه، "هه‌موو كوردستان راده‌ستی به‌غدا بكه‌ن، له ته‌وێڵه‌وه، له كێله‌شینه‌وه، له بامه‌ڕنێیه‌وه، له حاجی ئۆمه‌رانه‌وه، حكومه‌تی عێراقی له كورد رازی نابێت، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌تی رازی نییه، بۆیه باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌و بابه‌ته رابگرین، با شاندی كورد بچێته به‌غدا، هیچی لێ سه‌وز نابێت، ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ی له به‌غدا هه‌یه و ئه‌و نه‌رمی نیشاندانه‌ی كورد، له سنووری خۆی ده‌رچووه، كورد پێویستی به‌وه هه‌یه، ئه‌و توانایه‌ی هه‌یه، رێكیبخاته‌وه و هه‌ر چه‌ندی هه‌یه، با مووچه‌ی مانگانه‌ی خه‌ڵك به (30) رۆژ بدرێت، پێموایه ده‌شكرێت، ده‌شبێت، ده‌توانرێت، دوای ئه‌وه با شاندی كورد بۆ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا بچێت، بۆیان روونبكه‌نه‌وه، كه عێراق پێشێلی ده‌ستوور ده‌كات، قووتی (6) ملیۆن كه‌سی له كوردستان بڕیوه، ئێستا عێراق كوردی ناوێت، شانده‌كه‌ی كورد گوتوویه‌تی: ئێمه عێراقین، ئه‌وان به شانده‌كه‌یان گوتووه با عێراقی بن، له رووی ئیداری و داراییه‌وه چی ده‌كه‌ن بیكه‌ن، پێموایه ئه‌و قه‌یرانه ئاسان نییه، به‌ڵام له ئه‌نجامدا خزمه‌ت به كێشه‌كه‌مان ده‌كات، با بچین له‌گه‌ڵ به‌غدا باسی مادده‌ی (140) بكه‌ین، باسی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی بكه‌ین، كه له ده‌ستووردا هه‌یه و كه‌س باسی ناكات، له‌و ئه‌نجومه‌نه هه‌ڵه‌بجه كه بچووكترین پارێزگا و به‌سره گه‌وره‌ترین پارێزگایه، وه‌كو یه‌ك رایان هه‌یه، ئه‌و كاته ده‌توانرێت یه‌كسانی و فیدراڵی له عێراقدا رابگیرێت".
چاره‌سه‌ر له‌كوێیه؟
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "كازمی به‌قه‌ده‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌هێز نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاری نییه تا پشتیوانیی بكات، هه‌ردووكیان به پێشێلی ده‌ستوور داندراون، به‌پێی ده‌ستوور كوتله‌ی گه‌وره حكومه‌ت درووست ده‌كات، به‌ڵام كێشه‌كانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا، كازمی كردووه به سه‌رۆك وه‌زیران، به ناده‌ستووری بووه‌ته سه‌رۆك وه‌زیران، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نییه، ئه‌وه‌تا شاندی بۆ ئێران ناردووه تا ئامۆژگاری حه‌شدی شه‌عبی بكات، له‌به‌ر ئه‌وه شانده‌كانی خۆمان بچن بۆ ئێران باشتره، چاره‌سه‌ر له ئێرانه‌وه ده‌كرێت، نه‌وه‌ك له به‌غدا".
ئاینده‌ی عێراق چۆن ده‌بێت؟
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود له‌باره‌ی ئاینده‌ی عێراقه‌وه گوتی: "عێراق ده‌وڵه‌ت نییه، له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه، له‌عه‌ماره‌وه بۆری نه‌وت سه‌دان كونی تێكراوه، عه‌شیره‌ت بۆخۆی و حزب بۆخۆی و كوێخای گوندێك بۆخۆی، واتا عێراق ده‌وڵه‌ت نییه، هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر گۆمی نه‌وته، به‌ڵام چاوه‌ڕێی رێكخراوی خێرخوازییه، تا بێت یارمه‌تی بدات، عێراق ئێستا ده‌چێت "سه‌له‌م" ده‌كات، واتا به سه‌وزی ده‌یخوات، نه‌وته‌كه ده‌فرۆشێت به‌رله‌وه‌ی ده‌رهێنابێت، به‌هه‌رزانتر ده‌یفرۆشێت، عێراقێك بچێت "سه‌له‌م" بكات، نه‌توانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بدات، عێراق نییه، ئه‌وانه‌ی ده‌یانویست خۆیان به عێراق ببه‌ستنه‌وه، بۆ ناچنه به‌غدا و نه‌یه‌نه‌وه، بۆیه باشترین چاره‌سه‌ر كۆنفیدراڵییه، هه‌ریه‌كه و ناوچه‌كه‌ی خۆی بپارێزێت".
رۆڵی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود له‌باره‌ی لایه‌نی سێیه‌می دانووستانه‌كان، روونیكرده‌وه، "ئه‌مه‌ریكا و رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، كه ئه‌ویش سێبه‌ری ئه‌مه‌ریكایه، ره‌نگه به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ (300) ملیۆن عه‌ره‌ب هه‌بێت، له گه‌ڵ (30) ملیۆن عه‌ره‌بی عێراقی هه‌بێت، نه‌وه‌ك خه‌ڵكی كوردستان، ئێمه‌ش له (30) ساڵی رابردوودا نه‌مانتوانیوه په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا و رووسیا به‌و شێوه‌یه بێت، له به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان ره‌نگبداته‌وه، ده‌بووایه رێككه‌وتنی درێژخایه‌نیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، ئه‌وان دۆستی تاسه‌ریان نییه، به‌رژه‌وه‌ندی تاسه‌ریان هه‌یه".
د.ی