یەکشەممە دوا وادەی یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراقە

ئەمریکا لە رێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە لە بەغدا، دەرفەتی 48 کاتژمێری بە سەرکردە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیداوە تاوەکوو جێگرەوەیەک بۆ کاندیدکردن لە جێگەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق یەکلا بکەنەوە.

لەمبارەوە سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان ئەمڕۆ هەینی 20ی شوباتی 2026، بۆ کوردستان24ـی ئاشكرا کرد؛ باڵیۆزخانەی ئەمریكا دوایین مۆڵەتی بە چوارچێوەی هەماهەنگی داوە بۆ ئەوەی چارەنووسی نووری مالیكی وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران یەكلا بكاتەوە. 

سەرچاوەکە گوتیشی: یەكشەمەی هەفتەی داهاتوو؛ داویین وادەیە بۆ ئەوەی ئەم پرسەیە یەكلا بكرێتەوە، بۆ ئەمەش سەكردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵەکانیان چڕتركردووەتەوە تا جێگرەوەی مالیكی دەستنیشان بكەن.

هەروەها باسم عگێلی، ئەندامی تیمی راگەیاندنی هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان، بە سەرۆکایەتیی سوودانی بە كوردستان 24ـی راگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەوڵی دەستنیشانکردنی دوو کاندیدی دیکەن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و پێکهێنانی کابیەی نوێی حکوومەتی عێراق ، بۆ ئەمەش هەر یەکە لە محەممەد شیاع سوودانی و حەمید شەتری نزیکن لەوەی بە کاندیدانی چوارچێوەی هەماهەنگی بناسێنرێن.

22ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەنجوومەنی شوورای حزبی دەعوەی ئیسلامی بە کۆی دەنگ بڕیاریدا، نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حزبەکە، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کاندید بکات، بەڵام لە 27ی مانگی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی توندی کرد ئەگەر مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کاندید بکرێت.