هاکان فیدان: ئاماژەی ئەرێنی بۆ رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا هەیە

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەنقەرە بە وردی چاودێری بەرەوپێشچوونەکانی نێوان تاران و واشنتن دەکات و ئاماژەی بەوەش دا، هەندێک ئاماژەی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی دەبینرێن.

هاکان فیدان لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمریکا رایگەیاند، هۆکاری زۆر هەن بۆ ئەوەی ئومێدمان بە پێشکەوتنی دانوستانەکان هەبێت، بەتایبەتی لە هەندێک پرسی دیاریکراودا کە ئاماژەی ئەرێنییان تێدا بەدی دەکرێت.

 ئاماژەی بەوەش کرد، تورکیا دەخوازێت هەردوولا لەسەر پرسی ئەتۆمی بگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی.

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کرد، لەگەڵ بوونی ئاماژە دیپلۆماسییەکان، ئەنقەرە لە نزیکەوە چاودێری زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانیش دەکات. فیدان گوتی: "بە وردی بەدواداچوون دەکەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئەم جووڵە سەربازییانە وەک فشارێکە بۆ سەر مێزی دانوستان، یان ئامادەکارییە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی پێشوەختە و پلان بۆ داڕێژراو."

فیدان جەختی لەوەش کردەوە، تورکیا هیوادارە تەواوی کێشەکان لە رێگەی دانوستان و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن بەبێ ئەوەی ناوچەکە پێویستی بە هیچ جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هەبێت. گوتیشی: "بەردەوام دەبین لە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەوەی بزانین ئەم پرۆسەیە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت و لایەنەکان چۆن سەیری داهاتووی پەیوەندییەکانیان دەکەن.