لاڤرۆڤ: دەبێت مافەکانی ئێران لە چوارچێوەی پەیماننامەی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی پارێزراو بن

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی دەکاتەوە وڵاتەکەی پشتیوانی لە ڕێگەچارەی دیپلۆماسی بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تاران دەکاتەوە، هاوکات جەختیشی دەکاتەوە دەبێت مافەکانی ئێران لە چوارچێوەی پەیماننامەی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی پارێزراو بن.

هەینی 20ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوکە، هەر دوو وەزیری دەرەوە گفتوگۆیان لەبارەی دواین پەرەسەندنەکانی بەرنامەی ئەتۆمی تاران و دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا کردووە.

لە ڕاگەیەندراوکەدا هاتووە، ڕووسیا پشتیوانی لە ڕێگەچارەی دیپلۆماسی و سیاسیی بۆ کێشەکان دەکاتەوە، بە شێوەیەک کە ڕێز لە شەرعییەتدان بە مافەکانی ئێران بکاتەوە، بەگوێرەی بنەماکانی پەیماننامەی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 17ـی شوباتی 2026، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عوممان، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوە چوون.