رۆژنامەیەک: تاران ئامادەیی دەربڕیوە بۆ راگرتنی بەرهەمهێنانی ماددە ئەتۆمییەکان

رۆژنامەیەک بڵاوی کردەوە، ئێران ئامادەیی خۆی بۆ ئەمریکا دەربڕیوە، بۆ راگرتنی بەرهەمهێنانی ماددە ئەتۆمییەکان بۆ ماوەی 10 ساڵ، بەڵام تاران رەتی کردووتەوە پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت.

هەینی، 20ـی شوباتی 2026، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بە پشت بەستن بە لێدوانی بەرپرسانی ئاگدار لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بڵاوی کردەوە، کە تاران ئامادەیە بەرهەمهێنانی ماددە ئەتۆمییەکان بۆ ماوەی 10 ساڵ رابگرێت، بەڵام دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە، کە تاران پیتاندنی یۆرانیۆم بە مافی خۆی دەزانێت، بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی.

هەر ئەمڕۆعەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کە ئەمریکا داوای لە ئێران نەکردووە بە یەکجاری دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت.

هەروەها گوتی: تاران بە نیازی ئامادەکردنی رەشنووسی رێککەوتنێکی ئەتۆمیی ئەگەرییە لەگەڵ واشنتن لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژدا.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن، سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە بارەگای نێردەی دیپلۆماسیی عوممان لە جنێڤ بەڕێوەچوو.

دوێنێ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا گوتوبووی: کە مۆڵەتی 15 رۆژ دەداتە ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و پێی وایە ئەم کاتە بەسە بۆ واژۆکردنی رێککەوتن.