باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق: ئەمریکا سەرۆکوەزیرانێکی دەوێت لە بەرژەوەندی عێراق کار بکات

باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق، ڕایگەیاند، واشنتن بە وردی چاودێری کاندیدی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دەکات و پێویستە ئەو کەسە پەیوەندییە ئابووری و سیاسییە نزیکەکانی لەگەڵ تاران جێبهێڵێت و کار بۆ بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بکات

هەینی 20ـی شوباتی 2026، دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق، میوانی گەشتی هەواڵەکانی کوردستان24 بوو و باس لەوە دەکات کە هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ وادەیەکی دیاریکراوی بۆ یەکلایکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دانەناوە، بەڵام تێڕوانینێکی توندی بۆ ئەو پرۆسەیە هەیە.

دەشڵێت ترەمپ پێی وایە نووری مالیکی، کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی، وەک عێراقییەک مامەڵەی نەکردووە و زیاتر وەک جێبەجێکاری سیاسەتەکانی ئێران لە عێراق دەرکەوتووە. هۆشداریش دەدات، سەردەمی مالیکی لێوانلێو بووە لە شەڕی مەزهەبی و سیاسەتەکانی بوونە هۆی سەرهەڵدانی گرووپە توندڕەوەکانی وەک داعش، بۆیە گەڕانەوەی بۆ سەر کورسی دەسەڵات لێکەوتەی زۆر خراپی بۆ داهاتووی وڵاتەکە دەبێت.

باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق، جەختیش دەکاتەوە، دەکرێت و پێویستیشە سەرۆکوەزیرانێکی دیکە هەبێت کە تێگەیشتنی بۆ کارکردن لەگەڵ ئەمریکا هەبێت و نزیک نەبێت لە تاران.

سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، ترەمپ فشارێکی گەورەی سەربازی خستووەتە سەر ئێران، بەڵام ئەمە زیاتر وەک تاکتیکێکی دانوستان دەبینرێت نەک خواستی هەڵگیرسانی جەنگ، چونکە نە ترەمپ و نە زۆربەی گەلی ئەمریکا و تەنانەت ئێرانییەکانیش شەڕیان ناوێت.

سیلیمان پێی وایە کلیلی چارەسەر لە دەست تارانە و دەبێت لەڕێگەی دانوستانی زیرەکانەوە سازش بکات و ڕێککەوتنێکی باشتر لەوەی ساڵی 2015 پێشکەش بکات کە تێیدا دەستبەرداری پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی بێت، بە پێچەوانەوە هەژموونی تاران تەنیا کاولکاری بۆ ناوچەکە هێناوە، ڕووبەڕووی سیاسەتی توندتری ئەمریکا دەبێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، سیلیمان باسی لە پێویستی پاراستنی سەروەری ئابووری عێراق کرد و ڕایگەیاند کە نابێت دۆلاری ئەمریکی لە عێراقەوە بۆ ئێران بڕوات؛ دووپاتیشی کردەوە، ئەمریکا دەیەوێت سەرۆکوەزیرانی داهاتوو ئابووری عێراق ببووژێنێتەوە و بە بازاڕەکانی جیهانەوە بیبەستێتەوە، بەتایبەت لە کەرتی وزە و کارەبا کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئامادەن وەبەرهێنانی تێدا بکەن تاوەکوو عێراق چیتر پێویستی بە کڕینی غاز و کارەبا لە ئێران نەبێت.

باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە عێراقییەکان خۆیان بژاردەی خۆیان هەڵدەبژێرن، بەڵام واشنتن کەسێکی دەوێت کە چەکی گرووپە میلیشیاکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت و ڕێگری لە تێوەگلانی عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان بکات.