توێژینەوەیەک: بەهۆی ژیری دەستکردەوە مەترسی فێڵکردن زۆر بووە
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی "نیو ساوس وێڵز" لە ئوسترالیا ئاشکرای دەکات، کە مرۆڤەکان زۆر لە تواناکانی خۆیان دڵنیان بۆ ناسینەوەی ئەو دەموچاوانەی بە زیرەکی دەستکرد دروستکراون، بەڵام لە ڕاستیدا ناتوانن جیاوازییەکە بدۆزنەوە، هاوکات ئەم متمانە زۆرە بە خۆبوونەش بۆ ناسینەوەی دەمووچاوەکان وایان لێدەکات زیاتر بکەونە داوی فێڵ و تەڵەکە و ساختەکارییەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "دەیڵی مەیڵ"ی بەریتانی، زانایان هۆشداری دەدەن کە سەردەمی ناسینەوەی وێنە ساختەکان لەڕێگەی هەڵەی وەک شێوازی ددان، چاویلکە، یان شێوەی گوێچکە کۆتایی هاتووە. ئێستا ئامرازە پێشکەوتووەکانی زیرەکی دەستکرد وێنەیەک بەرهەم دەهێنن کە جیاکردنەوەی لە وێنەی ڕاستی مرۆڤ بۆ چاوی ئاسایی مەحاڵە.
لە توێژینەوەکەدا کە لە گۆڤاری "British Journal of Psychology" بڵاوکراوەتەوە، تاقیکردنەوە لەسەر 125 کەس کراوە، کە پێکهاتبوون لە 89 کەسی ئاسایی و 35 پسپۆڕی بواری ناسینەوەی دەموچاو. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە خەڵکی ئاسایی بە هیچ شێوەیەک نەیانتوانیوە دەموچاوە ڕاستی و ساختەکان لە یەکدی جیا بکەنەوە، تەنانەت گرووپە پسپۆڕەکەش ئاستی سەرکەوتنیان تەنیا کەمێک لە خەڵکە ئاساییەکە باشتر بووە.
جەیمس دان، یەکێک لە توێژەرەکان دەڵێت: "ئەوەی جێگەی سەرنجە، خەڵک تا ئێستاش زۆر دڵنیان لەوەی دەتوانن وێنەی ساختە بناسنەوە، لەکاتێکدا ئەو دڵنیاییەی هەیانە لەگەڵ ئەنجامە ڕاستەقینەکان و ئاستی زیرەکییان لە ناسینەوەی وێنەکان یەکناگرێتەوە."
توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی کە چیتر پشت بەستن تەنیا بە بینین بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستی و دروستی وێنەکان لە جیهانی دیجیتاڵیدا کارێکی باوەڕپێکراو نییە. هۆشداری دەدەن ئەم متمانە زۆرە بەخۆبوونە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکان بە ئاسانی ببنە نێچیری باندە چەتەکانی ئینتەرنێت و ئەو کەسانەی زیرەکی دەستکرد بۆ مەبەستی خراپ و فێڵکردن بەکاردەهێنن.