مەزڵووم عەبدی: داوا دەکەم منداڵەکانتان بنێرنە قوتابخانە کوردییەکان و گرنگی زیاتر بە زمانی دایک بدەن
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، زمانی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان قۆناغی مەترسیداری تێپەڕاندووە و بووەتە زمانی پەروەردە و فێرکردن، هاوکات ئاشکرای کرد کە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی سووریا بەردەوامە بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بە زمانی کوردی لە ناوچەکەدا بە فەرمی بکرێت و داواشی لە خێزانەکان کرد، منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە کوردییەکان و گرنگی زیاتر بە زمانی دایک بدەن
شەممە 21ـی شوباتی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە هەموو گەلان و بەتایبەت مامۆستایانی زمانی کوردی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرفەتێکی زێڕینی بۆ گەلی کورد ڕەخساندووە تاوەکوو خاوەنداری لە زمانی خۆی بکات و لە مەترسی لەناوچوون ڕزگاری بکات.
مەزڵووم عەبدی وەبیری هێنایەوە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا، زمانی کوردی ڕووبەڕووی سیاسەتی تواندنەوە و قەدەغەکردن بووەتەوە و خەڵک لەسەر فێربوونی زمانەکەیان دەستگیر دەکران، بەڵام ئێستا بەهۆی قوربانیدان و تێکۆشانی 14 ساڵی ڕابردوو، هەزاران قوتابی بە زمانی کوردی دەخوێنن و گەیشتوونەتە ئاستی زانکۆ.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە سەرنجی خستە سەر سەرکردنی مەرسوومی ژمارە 13 لەلایەن سەرۆکایەتی سووریاوە، وەک دەستکەوتێکی مێژوویی و هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئەوەی زمانی کوردی وەک زمانێکی نەتەوەیی لە چوارچێوەی سووریادا بناسێنرێت.
مەزڵووم عەبدی ئاشکرای کرد، لە هەفتەکانی ڕابردوودا گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی سووریا ئەنجام دراوە. ئامانجی ئەو گفتوگۆیانە ئەوەیە کە لەسەر بنەمای مەرسوومی ژمارە 13، هەنگاوی جددی بنرێت بۆ ئەوەی زمانی خوێندن لە ناوچە کوردییەکان ببێتە زمانی کوردی و ئەمەش بە فەرمی جێگیر بکرێت.
مەزڵووم عەبدی داوای لە خێزانەکان کرد کە منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە کوردییەکان و گرنگی زیاتر بە زمانی دایک بدەن. هەروەها داوای لە زمانناسان و ئەکادیمیستەکان کرد کە کار بۆ بەهێزکردن و ستانداردکردنی زمانی کوردی و دامەزراوە پەروەردەیەکدان بکەن بۆ ئەوەی بچنە قۆناغێکی پێشکەوتووتر.