هادی عامری داوای خۆپیشاندانێكی گه‌وره له به‌غدا بۆ ساڵیادی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی ده‌كات
هادی عامری: له بڕیاری ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق پاشگه‌ز نابینه‌وه

K24- هه‌ولێر:
هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح داوای ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانێكی زۆر فراوان له به‌غدا ده‌كات، بۆ رۆژی 3ی مانگی داهاتوو، ساڵڕۆژی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، كه به‌ر له ساڵێك له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا له هێرشێكی فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كوژران.
ئه‌م گوتانه‌ی عامری له‌میانه‌ی رێوڕه‌سمێكدا له باڵیۆزخانه‌ی ئێران له به‌غدا هاتوون، كه به‌بۆنه‌ی ساڵیادی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس رێكخرابوو و عامری گوتی: "قاسم سوله‌یمانی خۆكوژیانه به‌رگری له عێراق ده‌كرد و به‌و هه‌وڵانه‌ی كه بۆ له‌ناوبردنی تیرۆری داعش و ئه‌مه‌ریكای پێشكه‌ش به عێراق كرد، ئێمه‌ی عێراقییه‌كانی شه‌رمه‌زار كرد"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیسیش به‌رگریكاری سه‌ره‌كیمان بوو له شه‌ڕه‌كانی دژ به قاعیده و داعش".
عامری جه‌ختیشی كرده‌وه، "قاسم سوله‌یمانی له هه‌وڵه‌كانی بۆ له‌ناوبردنی داعش و هێزی داگیركاری له عێراق، چاكه‌ی زۆری به‌سه‌ر عێراقییه‌كانه‌وه هه‌بوو" و گوتیشی: "سوله‌یمانی خۆی كرده قوربانی له‌پێناو ئیسلام و پیرۆزییه‌كان".
له درێژه‌ی گوته‌كه‌یدا سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح گوتی: "ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس موجاهیدێكی گه‌وره بوو و له ساڵانی حه‌فتاكان نموونه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌كی راسته‌قینه بوو بۆ شه‌هید سه‌در و ئه‌و مه‌شقده‌ر و مامۆستا بوو".
له كۆتایی گوته‌كانیدا عامری داوای له خه‌ڵكی عێراق كرد، به‌شداری له خۆپیشاندانێكی زۆر فراوان له به‌غدا له رۆژی 3ی مانگی داهاتوو، ساڵڕۆژی كوژرانی سوله‌یمانی و موهه‌ندیسدا بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێدا، "ئه‌وه بسه‌لمێنین، كه عێراق عێراقی موهه‌ندیس و شه‌هیده‌كانه" و جه‌ختی كرده‌وه، "له داواكه‌ی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان بۆ ده‌ركردنی هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان پاشگه‌ز نابینه‌وه".
H.B