پەیامێکی نوێ لە ئۆجەلانەوە؛ "دەمەوێت راستەوخۆ بۆ میدیاکان قسە بکەم"

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"

رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە رێگەی شاندێکی باڵای سیاسییەوە داواکارییەکی نوێی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی تورکیا کردووە. ئۆجەلان داوا دەکات رێگەی پێ بدرێت کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە ناو زیندانی ئیمرالی ئەنجام بدات بۆ ئەوەی راستەوخۆ پەیامەکانی خۆی بگەیەنێت.

شەممە، 21ـی شوباتی 2026، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی "پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" بۆ دوورگەی ئیمرالی، ئاشکرای کرد، کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەنجامدانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەشێکە لە مافە یاساییەکانی و هیوای خواستووە بەم زووانە ئەم داواکارییەی جێبەجێ بکرێت.

بە پێی لێدوانەکانی بوڵدان، لە دیدارەکەدا باس لە دۆخی تەندروستی و ژیانی ئۆجەلان و پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی چارەسەری سیاسی و رێکخستنە یاساییەکان بۆ ئەو چەکدارانەی دەیانەوێت خۆیان رادەست بکەن، کراوە. 

بوڵدان ئاماژەی بەوەش دا، کە ئۆجەلان تەندروستیی باشە و خواستی بۆ بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی رێڕەوی سیاسی نیشان داوە.

هاوکات ئۆجەلان پێشنیارێکی رەت کردووەتەوە کە تێیدا داوا کرابوو وەڵامی پرسیارە نووسراوەکان بداتەوە، و سوور بووە لەسەر ئەوەی چاوپێکەوتنی راستەوخۆ یان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەبێت.

بوڵدان لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە حزبەکەیان بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە دەکات بۆ فراوانکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئۆجەلان.