کەرکووک.. سوپای عێراق هەوڵی داگیرکردنی خانووی هاووڵاتییەکی کورد دەدات

لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکووک، هێزێکی سوپای عێراق هەوڵیان دا بە زۆر دەست بەسەر خانووی هاووڵاتییەکی کەمئەندامدا بگرن و لە ماڵەکەی دەری بکەن، بەڵام بەهۆی خۆڕاگری خاوەن ماڵەکە و کۆبوونەوەی خەڵکی گەڕەک و دراوسێکانیان، هێزەکە ناچار بە پاشەکشە کرا.

شەممە 21ـی شوباتی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە کەروکووک رایگەیاند، هێزێکی سوپای عێراق هەڵینکوتاوەتە سەر ماڵێکی کورد لە گەڕەکی نەورۆزی شارەکە و وستوویانە ماڵەکەی داگیربکەن، بەڵام بەهەوڵی خەڵکی ناوچەکە توانراوە رێگری لەو کارەی سوپای عێراق بکەن. 

ئەیوب سەڵاحەددین خاوەنی ماڵەکە بە کوردستان24ـی گوت،"ڕووداوەکە لە کاتی بەربانگدا بووە، هێزێکی سوپای عێراق کە بەشێکیان بە جلی مەدەنی و بە ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە هاتوونەتە سەر ماڵەکەی و داوایان لێکردووە دەستبەجێ ماڵەکە چۆڵ بکات، چونکە دەیانەوێت دەستی بەسەردا بگرن، بەڵام بەهۆی خۆڕاگری خۆی و کۆبوونەوەی خەڵکی گەڕەک و دراوسێکانیان، هێزەکە ناچار بە پاشەکشە کراوە.

خاوەن ماڵەکە کە پیاوێکی بەتەمەن و کەمئەندامە و لە ساڵی 2003ەوە لەو ماڵەدا نیشتەجێیە، دەڵێت،" ئەو بە هیچ شێوەیەک ماڵەکەی چۆڵ ناکات و موڵکی خۆیەتی، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەم فشارانەی سوپای عێراق ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە و دەیانەوێت تەواوی گەڕەکەکە داگیر بکەن.

ئەم هەوڵەی سوپای عێراق لە کاتێکدایە کە پێشتریش دەستیان بەسەر 5 خانووی تری ئەو گەڕەکەدا گرتووە و کردوونی بە بارەگای سەربازی.

 دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز باس لەوە دەکەن کە سوپای عێراق بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵی ئاوارەکردنی دانیشتوانە رەسەنەکەی دەدات بۆ ئەوەی گەڕەکەکە بکاتە ناوچەیەکی سەربازی.