بڕیارێکی مشتومڕهێنەر لە پاریسەوە؛ فەرەنسا رێگە بە لەناوبردنی 200 گورگ دەدات

لە هەنگاوێکدا بۆ پاراستنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا بڕیاریان دا رێگە بە کوشتنی نزیکەی 200 گورگ بدەن. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ژمارەی گورگەکان لە وڵاتەکەدا هەزار دانەی تێپەڕاندووە و زیانەکانیان بۆ سەر سامانی ئاژەڵ زیادی کردووە، ئەمەش ناڕەزایەتیی لای جووتیاران دروست کردووە.

شەممە، 21ـی شوباتی 2026، ئانی جۆنڤار، وەزیری کشتوکاڵی فەرەنسا، بە میدیاکانی راگەیاند: کە رێژەی رێگەپێدراو بۆ لەناوبردنی گورگەکان لە 19% بۆ 21%ـی بەرز کراوەتەوە، لەگەڵ ئەگەری زیادکردنی بۆ 23%.

وەزیرەکە هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە ژمارەی گورگەکان لە وڵاتەکەدا هەزار دانەی تێپەڕاندووە و زیانەکانیان بۆ سەر سامانی ئاژەڵ زیادی کردووە، ئەمەش ناڕەزایەتیی لای جووتیاران دروست کردووە.

ئەم بڕیارەی فەرەنسا هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری ساڵی رابردووی پەرلەمانی ئەوروپا کە پۆلێنکردنی گورگی لە "بە توندی پارێزراو"ـەوە بۆ "پارێزراو" دابەزاند، ئەمەش دەرگای بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە کردەوە تا رێوشوێنی سنووردار بۆ راوکردنیان بگرنەبەر، بە جۆرێک کە هاوسەنگییەک لە نێوان رێگریکردن لە لەناوچوونی جۆرەکە و پاراستنی سامانی ئاژەڵدا رابگیرێت.