ئەمڕۆ سەرجەم رێگە سەرەکییەکانی حەسەکە دەکرێنەوە

لە پارێزگای حەسەکە سەرجەم رێگە سەرەکییەکانی سنووری پارێزگاکە کرانەوە و بەبڕیاری پارێزگار، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان حەسەکە و دیمەشق ئاسایی دەکرێنەوە، بەڵام لە قامیشلۆ تا ئێستا بڕیاری کردنەوەی رێگە سەرەکییەکان جێبەجێ نەکراوە.

بە بڕیاری نورەددین عیسا، پارێزگاری حەسەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی شوباتی 2026، سەرجەم ئەو رێگایانەی بەرەو شاری حەسەکە دەچن، لەبەردەم هاتوچۆی هاووڵاتیان و رێبواراندا بکرێنەوە. 

پارێزگار ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لایەنە پەیوەندیدارەکان، گرتنەبەری تەواوی رێکارە پێویستەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کۆتایی پێهێناوە.

نورەددین عیسا پارێزگاری حەسەکە جەختی لەوەش کردەوە، پلان هەیە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان حەسەکە و دیمەشقی پایتەخت دەستپێبکەنەوە. ئامانج لەم بڕیارە، کاراکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هاووڵاتییانی ناوچە جیاوازەکان و ئاسانکارییە بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و پێداویستییە بازرگانی و مرۆییەکان بۆ ناو پارێزگاکە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە قامشلۆ؛ هەرچەندە بڕیاری کردنەوەی رێگاکان دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکارەکان بە کردەیی جێبەجێ نەکراون و چاوەڕوان دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا هەنگاوی کردەیی بۆ بنرێت.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی ناوچەکە، زۆربەی رێگە ستراتیژییەکان داخرابوون، لەوانە رێگەکانی (شەدادی، دێرەزوور، تەلحەمیس، تەلبەرەک و شاری هۆڵ). هەروەها رێگەی چل ئاغا لە نزیک گوندی سەفا و دواتریش ناوچەی تربەسپی، بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی و گەمارۆ درانی، هاتوچۆیان تێدا پەککەوتبوو.

سەبارەت بە پرسی دووبارە بەکارکەوتنەوەی فڕۆکەخانەی حەسەکە، ئەکرەم ساڵح، پەیامنێری کوردستان24 لە زاری ئەندازیاران و تیمە تەکنیکییەکانەوە ئاماژەیدا، پڕۆسەی چاککردنەوەی فڕۆکەخانەکە کارێکی کاتیی و ئاسان نییە. شارەزایان باسیان لەوە کردووە کە فڕۆکەخانەکە نزیکەی 16 ساڵە بە تەواوی لە کار کەوتووە، بۆیە بۆ ئەوەی دووبارە ئامادە بکرێتەوە بۆ نیشتنەوە و فڕینی فڕۆکەکان، پێویستی بە چەندین مانگ کارکردنی بەردەوام و نۆژەنکردنەوەیەکی ریشەیی هەیە.