چاودێرانی مافی مرۆڤ: چارەسەری پرسی کورد لە راپۆرتەکەی پەرلەمانی تورکیادا نییە
لە میانی یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، چالاکوانان و چاودێرانی مافی مرۆڤ لە تورکیا رەخنەی توندیان ئاراستەی راپۆرتی کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتیی پەرلەمانی تورکیا کرد و پێیان وایە، راپۆرتەکە بەتەواوی پرسی زمان و ناسنامەی کوردی پشتگوێ خستووە.
لقی ئیستەنبوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (İHD) بەبۆنەی 21ی شوبات، رۆژی جیهانیی زمانی دایک، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ساز کرد. لە کۆنگرەکەدا چالاکوانان نائومێدیی خۆیان بەرامبەر راپۆرتەکەی کۆمیسیۆنی ئاشتی دەربڕی و بە "دوور لە چارەسەرکردنی پرسی کورد و بەتایبەتی پرسی زمان" وەسفیان کرد. بەشداربووان داوای پێداچوونەوە بە راپۆرتەکە و پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانیان کرد.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ جەخت دەکاتەوە؛ بەپێی راپۆرتەکانیان مافی خوێندن بە زمانی دایک هێشتا قەدەغەیە و سیاسەتی توانەوە (ئاسیمیلیاسیۆن) و تاکڕەوی لەلایەن دەوڵەتەوە بەردەوامە.
محەممەد گۆزەل، نووسەر و چاودێری مافی مرۆڤ سەبارەت بە ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی پەرلەمانی تورکیا بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەم راپۆرتە پەیوەندی بە چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە نییە و مافی مرۆڤی تێدا جێ نەکراوەتەوە. ئاماژەنەکردن بە زمانی کوردی، زازاکی، کورمانجی و سۆرانی لەم جۆرە راپۆرتانەدا، بەڵگەی بەردەوامیی سیاسەتی نکۆڵیکردنە."
گۆزەل زیاتر روونی کردەوە و گوتی: "تا ئەو کاتەی دان بە زمان و ناسنامەی نەتەوەیەکدا نەنرێت و هەوڵی سڕینەوەی بدرێت، گەلی ژێردەستە قبووڵی ناکات و هیچ جۆرە ئاشتییەکیش بەدی نایەت."
راپۆرتی حەوت بەشیی کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتی لە 18ی شوبات بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار پەسەند کرا. ناوەڕۆکی راپۆرتەکە پرسی کورد تەنیا لە چوارچێوەی پرسی "تیرۆر و ئەمنییەت" پێناسە دەکات و بە هیچ شێوەیەک باس لە ناساندنی مافە کولتوورییەکان، ناسنامەی نەتەوەیی و مافی پەروەردە بە زمانی کوردی ناکات.