نرخی میوەی نۆبەرە لە بازاڕەکانی هەرێم ریکۆرد دەشکێنێت
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بەهار، جارێکی دیکە نرخی میوە نۆبەرەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە هەولێر و سلێمانی، هەرایەکی گەورەیان ناوەتەوە. خواستێکی زۆر لەسەر ئەو میوانە هەیە کە هێشتا وەرزیان نەهاتووە، ئەمەش وایکردووە نرخەکانیان بگاتە ئاستێکی خەیاڵی.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی مەیدانی بۆ بازاڕەکانی میوە، نرخەکانی هەڵۆژەی سەوز گرانترین میوەی ئێستای بازاڕە، نرخی یەک کیلۆ گەیشتووەتە 500 دۆلار. هەروەها پاکێجە بچووکەکان کە تەنیا 6 دانە هەڵۆژەی تێدایە، بە 50 هەزار دینار دەفرۆشرێن. هەروەها گێلاسی هاوردەکراوی تایلەندی، یەک کیلۆی بە 50 هەزار دینارە و کەنگری نۆبەرە کە لە ناوچە گەرمێنەکان و بەغداوە دەهێنرێت، یەک کیلۆ کەنگری پاککراو بە 20 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
جگە لە میوە گرانبەهاکان، چەند جۆرە سەوزەیەکی نوێی ناوخۆیی گەیشتوونەتە بازاڕ کە سەرنجی کڕیارانیان ڕاکێشاوە، لەوانە: قەرنابیت و کەلەرمی مۆر بەرهەمی ناوخۆیی دەشتی شارەزوورن و بۆ یەکەمجارە بەم رەنگە و بە کوالێتییەکی بەرز دەخرێنە بازاڕەوە. باینجانی مۆر، جۆرێکی دیکەی سەوزە نۆبەرەکانە کە خواستی زۆری لەسەرە.
کاسبکارانی بازاڕ ئاماژە بەوە دەکەن هۆکاری گرانییەکە بۆ کەمبوونی ئەم میوانە لەم وەرزەدا دەگەڕێتەوە، چونکە زۆربەیان هاوردەکراون یان نۆبەرەی زۆر زووی ناوچە گەرمەکانن. سەرەڕای گرانییەکەش، هاووڵاتییان بۆ دیاری یان بۆ پڕکردنەوەی ئارەزووی نۆبەرە بەردەوامن لە کڕینیان.