راکردن هەموو جارێک سوودبەخش نییە
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانستی ئاشکرای دەکات، راکردن بۆ مەودایەکی زۆر درێژ کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەبێت و پیربوون خێرا دەکات، تەنانەت رەنگە ببێتە هۆی کەمخوێنیش.
هەرچەندە توێژینەوە جۆراوجۆرەکان سوودەکانی راکردنیان بۆ جەستە، بەتایبەتی بۆ دڵ و سووڕی خوێن سەلماندووە، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، راکردن بۆ مەودای زۆر درێژ دەبێتە هۆی لەناوچوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێن.
توێژەران ئاماژە بەوە دەدەن، رێژەی خڕۆکە سوورەکان لای راکەرانی پێشبڕکێ مەودا درێژەکان کەم دەبێتەوە و خڕۆکەکان نەرمییان نامێنێت، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی دەکاتە سەر توانای گواستنەوەی ئۆکسجین بە شێوەیەکی کارا.
رۆژنامەی "ئیندیپێندێنت"ی بەریتانی، لە راپۆرتێکدا ئاماژەیداوە، توێژەران بۆ گەیشتن بەم ئەنجامانە، نموونەی خوێنیان لە 23 راکەر وەرگرتووە، راستەوخۆ دوای بڕینی مەودایەکی زۆر. لە پشکنینەکاندا هەزاران پڕۆتین، چەوری، پلازما و خڕۆکە سوورەکان لێکدراونەتەوە.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە نیشانەی هەوکردن لەسەر خڕۆکە سوورەکان لە ناوچە جیاوازەکانی جەستە دەرکەوتووە، هاوکات ئەو گەردانەی کە پارێزگاری لە ترشی ناوەکی (DNA) دەکەن بەرانبەر تێکچوون، کەمیان کردووە.
ئەم گۆڕانکارییانە دوای بڕینی 40 کیلۆمەتر تێبینی کراون، بەڵام لای ئەو راکەرانەی لە پێشبڕکێی 171 کیلۆمەتریدا بەشدار بوون، نیشانەکان زۆر روونتر و قورستر بوون. زانایان پێشبینی دەکەن هەرچی مەودای راکردنەکە زیاتر بێت، وەرزشوانان رێژەیەکی زیاتری خڕۆکە سوورەکان لەدەست بدەن.
ترافیس نیمکۆڤ، توێژەری سەرەکی لەم لێکۆڵینەوەیەدا دەڵێت: "بەشداری لەم جۆرە پێشبڕکێیانەدا دەبێتە هۆی هەوکردنی جەستە و تێکچوونی خڕۆکە سوورەکان، زیانەکانیش لە شوێنێکی نێوان مەودای ماراسۆن و ئەڵترا ماراسۆندا بە روونی دەستپێدەکەن."
نیمکۆڤ دەشڵێت: "تاوەکو ئێستا نازانین جەستە پێویستی بە چەند کات هەیە بۆ چاککردنەوەی ئەم زیانانە، یان ئایا ئەم کاریگەرییانە لەسەر مەودای دوور پۆزەتیڤن یان نێگەتیڤ."
لای خۆشیەوە، ئەنجیلۆ دالیساندرۆ، یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە لە زانکۆی کۆلۆرادۆ رایگەیاندووە: "ئەم لێکۆڵینەوەیە نیشانی دەدات کە وەرزشی زۆر قورس، خڕۆکە سوورەکان بەرەو پیربوونێکی خێرا دەبات، ئەوەش بەهۆی میکانیزمێک کە هاوشێوەی ئەو تێکچوونانەیە لە کاتی کۆگاكردنی خوێندا دەبینرێن."
زانایان هیوادارن ئەنجامی ئەم توێژینەوانە یارمەتیدەر بن بۆ داڕشتنی ستراتیژی نوێ بە مەبەستی باشترکردنی ئاستی وەرزشوانان و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان لە وەرزش و راهێنانە قورسەکان.