دوای رەخنەگرتن لە حکوومەتی سووریا تەرمەکەی دۆزرایەوە

دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک و رەخنەگرتن لە حکوومەتی کاتیی سووریا، رۆژنامەنووسێک لە پارێزگای لازقیەی سووریا بە کوژراوی دۆزرایەوە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە کوردستان24ی راگەیاند، رۆژنامەنووسێک بە ناوی (عەلا محەممەد) لە گوندی نینی سەر بە ناوچەی قەرداحە لە پارێزگای لازقیە، لە ناو ماڵەکەیدا بە کوژراوی دۆزراوەتەوە.

ئەم رووداوە تەنیا 4 کاتژمێر دوای دەرکەوتنی ئەو رۆژنامەنووسە دێت لە سۆشیاڵ میدیا، کە تێیدا رەخنەی لە حکوومەتی کاتیی سووریا گرت و رایگەیاندبوو: "حکوومەت تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سوپایەکی نیشتمانی دروست بکات و ژمارەیەک لە گرووپەکانی ناو ئەو سوپایە بۆ بەرژەوەندیی دەرەکی کار دەکەن."

هەروەها ئەو رۆژنامەنووسە لە دواین ڤیدیۆیدا ئاماژەی بە قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردبوو کاتێک گوتبووی، ئەو ئەحمەد شەرعی کردووەتە سەرۆکی سووریا.

عەلا محەممەد، رۆژنامەنووسێکی وەرزشی و چالاکوانی بواری ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوو لە پارێزگای لازقیە؛ مانگی ئایاری رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی کاتیی سووریاوە دەستگیرکرا، دواتر ئازاد کرا. ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوی کردبووەوە، دواین دەرکەوتنی بوو لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێش ئەوەی بکوژرێت.