شێخمووس ئەحمەد: داعش لە تەواوی سووریا چالاک بووەتەوە

شێخمووس ئەحمەد، بەرپرسی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و کۆچبەران لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، هۆشداریدا لەبارەی زیادبوونی مەترسییەکانی رێکخراوی داعش دەدات و رایدەگەیەنێت؛ شانەکانی ئەو رێکخراوە لە تەواوی خاکی سووریادا دەستیان بە خۆڕێکخستنەوە و چالاکبوونەوە کردووە.

ئەحمەد شێخمووس ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، لە بولتەنی هەواڵەکانی کوردستان24، گوتی : کەمپی هۆڵ، کەمپێکی تەواو مەترسیدار بوو لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە داخەوە بە داخستنی کەمپی هۆل، ئێستا ئەو خێزانانەی داعش کە لەو کەمپەبوون بە تەواوی سووریادا بڵاوبوونەتەوە، تەنیا بەشێکی کەمیان گواستراونەتەوە بۆ کەمپی ئاک بورهان باکووری حەلەب.

گوتیشی: هیوادارم هەمان سیناریۆی داخستنی کەمپی هۆل، بۆ داخستنی کەمپی رۆژ دووبارە نەکرێتەوە، کە لە ژێر کۆنترۆڵ و سەرپەرشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە و لەو کەمپە ژمارەیەک خێزانی چەکدارانی بیانیی داعش هەن.

شێخمووس ئەحمەد لە رێگەی کوردستان24 پەیامێکی ئاراستەی وڵاتان کرد، کە دەتوانن هاووڵاتییەکانیان لە کەمپی رۆژ ببەنەوە وڵاتەکانیان و بە گوێرەی یاسای بەرکاری خۆیان دەتوانن لێپرسینەوە و سزایان بدەن.

گوتیشی: بەداخەوە تا ئێستا هیچ وڵاتێک نەهاتووە بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی خۆیان لەو کەمپانە ببەنەوە، لەنێویاندا 15 خێزانی عێراقین 11 خێزانی سووری هەن، داوا دەکەین چارەنووسیان یەکلا بکرێتەوە، چونکە مانەوەیان کێشە و گرفتێکی ئەمنی و خزمەتگوزارییە.

هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هەمان چارەنووسی کەمپی هۆل بەسەر کەمپی رۆژ نەهێنرێت، چونکە ئازادبوونی خێزان و منداڵانی داعش وایکردووە، ئێستا ئەو رێکخراوە لە زۆربەی ناوچەکانی سووریا دەستی بەخۆڕێکخستنەوە و جموجووڵ کردووەتەوە.

شێخمووس ئەحمەد لە بارەی ئاماری دروستی خێزانەکانی نێو کەمپی هۆل گوتی: بەرلەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کەمپەکە بکشێتەوە، بە گشتی حەوت هەزار خێزان لەو کەمپە بوون، کە سەرجەمیان دەیکردە 24 هەزار کەس، لەنێویاند 15 هەزاریان هاووڵاتیی سووری بوون و 6500 کەسی دیکەش، خەڵکی بیانی بوون کە هاووڵاتیانی 42 وڵاتی جیاواز بوون. نزیکەی 3000 خەڵکی عێراق بوون، ئێستا بە هەڵاتن و ئازادکردنی خێزانەکانی کەمپی هۆڵ، ئەو بۆمبە تەوقیتکراوە بە تەواوی سووریادا بڵاوبووتەوە.

ئاماژەی بە مەترسی سەهەڵدانەوەی داعش دا و گوتی " دوو رۆژ لەمەوبەر، ئەبو حوزەیفە گوتەبێژی داعش پەیامێکی دا و رایگەیاند، تەواویی خاکی سووریا مەبەست و ئامانجیانە؛ بۆیە داعش دەستی بە خۆڕێکخستنەوە کردووە و دوور نییە هێرشیش بکەن.

لە بارەی بوونی خێزانی داعشە بیانییەکانی کەمپی رۆژ، شێخمووس گوتی: نزیکەی 730 خێزانی داعشی بیانی لە کەمپەکەدا هەن، کە نزیکەی 10 هەزار کەس دەبن، تەنیا ژمارەیەکی کەمیان عێراق.

لە بارەی کێشەی خێزانە داعشەکانی ئەسترالیا، شێخمووس گوتی: 11 خێزانی ئوسترالی کە لە 34 کەس پێکهاتبوون، هاتن و سەرجەمیانمان رادەستکردن، بەڵام نە حکوومەتی کاتی سووریا رێگەی پێدان لە دیمەشقەوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، حکوومەتی ئوسترالیاش ئامادە نەبوو، وەریان بگرێتەوە.