حکوومەتی تورکیا کۆدەبێتەوە؛ دوو پرس تاوتوێ دەکرێن
کابینەی حکوومەتی تورکیا بۆ دوو پرسی گرنگ کۆدەبێتەوە؛ پرۆسەی ئاشتی و ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران.
کابینەی حکوومەتی تورکیا دوای پشوویەکی سێ هەفتەیی، ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی شوباتی 2026، بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
میدیای نزیک لە دەسەڵاتی تورکیا رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ دوا قۆناغەکانی پرۆسەی ئاشتی دەکرێت. هاوکات ناوەڕۆکی راپۆرتی کۆمیسیۆنی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی دەخرێتە روو کە چەند رۆژێک پێش ئێستا پەسەند کراوە.
هەروەها هەنگاوە یاساییە پێویستەکانی قۆناغی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی لە کارنامەی کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتی تورکیادا دەبێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و لێکەوتەکانی، تاوتوێ دەکرێن. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکرێت و مەترسییەکانی هێرشکردنە سەر ئێران دەخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ.