دووەم کاروانی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی قەسرک دەکشێتەوە

ساتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی قەسرک - قامشلۆ
ساتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی قەسرک - قامشلۆ

دووەم کاروانی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی قەسرک لە سووریا دەکشێتەوە و بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە رۆژئاوای کوردستان، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو بنکەیە چەند رۆژێک دەخایەنێت

رێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) چووە بواری جێبەجێکردن. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، بڕیار وایە بەشێک لە ناوچەکان لەلایەن حکوومەتی سووریا و هێزە ناوخۆییەکانەوە بەڕێوەببرێن، لە بەرامبەریشدا هێزەکانی سەر بە هەسەدە لە چەند ناوچەیەکی دیکەدا جێگیر دەکرێن.

هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە مەیدانییانە،  بە دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئەمریکا کە لە بنکەی "قەسرک"ەوە هاتوون، لە قامشلۆوە بەرەو سنوورەکانی عێراق بەڕێکەوتوون.

کاروانە سەربازییەکە ژمارەیەکی زۆر زریپۆش و بارهەڵگری کەلوپەلی سەربازیی لەخۆگرتووە. بۆ دابینکردنی پارێزگاریی تەواو و چاودێریکردنی رێگاکەش، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "ئاباتشی" لە ئاسمانی ناوچەکەدا بەدی دەکرێن کە هاوڕێیەتی کاروانەکە دەکەن تا گەیشتنیان بە سنوورەکانی عێراق.

پرۆسەی کشانەوە لە قەسرک بە چەند قۆناخێک دەبێت و پێشبینی دەکرێت نزیکەی 15 رۆژ بخایەنێت، ئەوەش بەهۆی گەورەیی بنکەکە و زۆریی ئەو کەلوپەلە سەربازییانەی تێیدایە. دوای تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە، هێزەکانی ئەمریکا تەنیا لە بنکەی "خرابلـجیر" دەمێننەوە کە دەکەوێتە نێوان تلکۆچەر و رومێلان.

لە لایەکی دیکەوە، هەسەدە رایگەیاندووە کە بنکەی "تەلبێدەر" کە نزیکە لە قەسرک و پێشتر لەلایەن ئەمریکییەکانەوە چۆڵکرابوو، رادەستی ئەوان دەکرێت تاوەکو ببێتە بارەگای لیوایەکی سەر بە هێزەکانیان.

بنکەی قەسرک بە یەکێک لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دادەندرێت. پێشتریش هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی "شەدادی" کشابوونەوە و دوای رووخاندنی بەشێکی بنکەکە، بەشەکەی دیکەیان رادەستی حکوومەتی سووریا کردبووەوە. ئەم جووڵە سەربازییانەی ئەمریکا دوای لێدوانەکانی دۆناڵد تره‌مپ دێن، کە رایگەیاندبوو چیتر هێزەکانی ئەمریکا لەناو خاکی سووریادا نامێننەوە.