هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: نووری مالیکی کاندیدی ئێمە و چوارچێوەی هەماهەنگییە
تا دێت لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی لە پشتگیریکردنی نووری مالیکی پاشەکشە دەکەن، بەڵام دەوڵەتی یاسا رژدە لەسەر مانەوەی مالیکی و رایدەگەیەنێت نەکشانەوەی مالیکی بڕیاری تاکە لایەنێک نییە، ىڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگییە.
عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە کوردستان24ی راگەیاند هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێداگرە لەسەر مانەوەی کاندیدەکەیان کە نووری مالیکییە وەک کاندیدی سەرۆکوەزیران و بە هیچ شێوەیەک بڕیاری کشانەوەی نادرێت، نەیشاردەوە سەرباری ناکۆکییەکان، بەڵام مانەوەی مالیکی تاکوو ئەم ساتە وەختە بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگیشە نەک دەوڵەتی یاسا بە تەنیا.
بە گوتەی عەقیل فەتلاوی، تەنیا دوو سەرکردەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ مانەوەی نووری مالیکی نین، ئەوانیش عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، قەیس خەزعەلی سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقوونن، بەڵام ئەمە واینەکردووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی دەست لە کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵگرتبێت.
لەبارەی پەککەوتنی کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گووتی، لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی خولی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی سەرجەم سەرکردە شیعەکان دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە کوردستان24ی راگەیاند چوارچێوەی هەماهەنگی کۆدەنگ نییە لەسەر مانەوەی نووری مالیکی و گوتی: لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت مانەوەی مالیکییە یاخود دیاریکردنی کاندیدێکی دیکەیە، هەر بڕیارێکیش بدرێت دەبێت بە کۆدەنگی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بێت.
دوای پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەشێکی لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی لە پشتگیرکردنی نووری مالیکی، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی پاشگەز بوونەتەوە؛ ترەمپ لە پەیامەکەیدا رایگەیاندبوو ئەگەر مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران، ئەمریکا چیتر هاوکاری عێراق ناکات.
دوێنێش نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا و کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێسک نووسیبووی: هەر بڕیارێک بدەن لە بەرژەوەندی عێراقییەکان دەبێت، بێ ئەوەی باسی کشانەوە لە کاندیدبوون لە پۆستی سەرۆکوەزیران بکات.