عێراق داوا لە وڵاتان دەکات زیندانییانی داعش وەربگرنەوە

زیندانییانی داعش
زیندانییانی داعش

عێراق داوا لە وڵاتان دەکات هاووڵاتییە زیندانیکراوەکانیان لە ریزەکانی داعش وەربگرنەوە و لە وڵاتەکانی خۆیان دادگاییان بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە گوتارێکدا بۆ ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ باسی لە دۆخی ئێستای وڵاتەکە، گواستنەوەی زیندانییانی داعش، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەی کرد. 

فوئاد حوسێن دووپاتی کردەوە، عێراق بەردەوامە لە رۆڵی بەرپرسانەی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانی لە کەمپی هۆڵی باکووری سووریاوە. روونیشی کردەوە، تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی رێکخراو 23 هەزار عێراقی گەڕێندراونەتەوە، ئەم پرسەش بەلای عێراقەوە بابەتێکی ئەمنیی گرنگە.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، "عێراق وڵاتێکی ئازادە، دەستوورەکەی فیدراڵییە، لەسەر ئەم بنەمایەش دامەزراوە فیدراڵییەکان گەشەیان کردووە. لە هەمان کاتدا هەماهەنگیی تەواو لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا هەیە."

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردەوە، عێراق هەماهەنگیی گەورە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکات، داواش لە هەموو وڵاتان دەکات بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی خۆیان هەڵگرن، تیرۆریستەکانیان بگێڕنەوە و لە وڵاتانی خۆیان دادگاییان بکەن. 

هەروەها دووپاتی کردەوە، بەلای عێراقەوە دانوستان باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.