ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی پرسەکان یەکلا دەکاتەوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق رایدەگەیەنێت، چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەی ئەمشەویدا هەوڵی یەکلاکردنەوەی پۆستەکانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دەدات و ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەگەری گۆڕینی کاندیدەکان و پێشکەشکردنی ناوی نوێ لە ئارادایە.

سەید سەلام جەزائیری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی چوارچێوەی هەماهەنگیدا گفتوگۆ لەبارەی پرسی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار دەکرێت؛ بەڵام بەهۆی ئەوەی دۆخی سیاسی گەیشتووەتە بنبەست، چاوەکان هەموویان لەسەر ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیەن.

سەید سەلام جەزائیری ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەریەکە لە عەمار حەکیم، قەیس خەزعەلی، محەممەد شیاع سوودانی و هادی عامری، بڕیاردەری سەرەکین و ئەگەر سێ لەوانە لەسەر هەر بڕیارێک رێکبکەون، گۆڕانکاری روودەدات و دەتوانن کەسێکی دیکە کاندید بکەن.

سەبارەت بە کاندیدی جێگرەوەی مالیکی، گوتی: سوودانی دەیەوێت لە لایەن سێ سەرکردەکەی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە کاندید بکرێتەوە، بەڵام چەند کەسێکی دیکەش نیازی کاندیدبوونیان هەیە، ئەوانیش، حەمید شەترێ، قاسم ئەعرەجی، حەیدەر عەبادی و مستەفا کازمین.

هاوکات ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی عەسائیب دەڵێت، ئێمە لەگەڵ بڕیاری کۆدەنگیی چوارچێوەی هەماهەنگیدان؛ هەرچەندە گوشارێکی زۆری ناوخۆیی و دەرەکی هەیە، بەڵام پێویستە بڕیارەکان عێراقی بن، جەختیشی کردەوە، هاتنی تۆم بەڕاک بۆ عێراق دەستوەردانێکی روون و گوشارێکی راستەوخۆیە.