هەڤاڵ ئەبوبەکر: لە رەمەزاندا هیچ پێشلکارییەک لە بازاڕدا تۆمار نەکراوە
پارێزگاری سلێمانی باس لەوە دەکات، سەرجەم یەکە کارگێرییەکان لە مانگی رەمەزاندا بە چڕی چاودێری بازاڕ دەکەن.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، بە کوردستان24ـی راگەیاند: سەرجەم یەکە کارگێرییەکان ئاگادار کراونەتەوە لە مانگی رەمەزاندا بە چڕی چاودێری بازاڕ و نرخی کەلوپەل و خواردن دەکەن، تاوەکو ئێستا هیچ پێشلکارییەک تۆمار نەکراوە.
لە مانگی رەمەزاندا لیژنەکانی چاودێری بازاڕ لە هەموو شار و شارۆچکەکان زیاد دەکرێن.
لەلای خۆیەوە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتبوو: لە مانگی رەمەزاندا لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان، چەند رێکارێک دەگرینەر کە ئەمانەن:
یەکەم: زیادکردنی ژمارەی لیژنەکان لە هەموو شار و شارۆچکەکان.
دووەم: زیادکردنی لیژنەکان لەکاتی ئێواران و پارشیوان.
سێیەم: سزای سەرپێچیکاران بەراورد بە ساڵی رابردوو توندتر دەکرێت.
چوارەم: لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی بڕیار دراوە هەر شەربەتێک لۆگۆی لەسەر نەبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین هیچ شەربەتێک بەبێ لۆگۆ نەکڕن.