رانیە.. بەهۆی هەبوونی بڕێکی زۆری دەرمانی بەسەرچوو کۆگایەکی کشتوکاڵی داخرا

لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە کۆگایەکی کشتوکاڵیان لە گەڕەکی قەڵات داخست بەهۆی بوونی ژمارەیەک سەرپێچی و هەبوونی بڕێکی زۆر دەرمانی کشتوکاڵی بەسەرچوو.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی رانیە کۆگایەکی کشتوکاڵیان لە گەڕەکی قەڵات داخست بەهۆی بوونی ژمارەیەک سەرپێچی لەوانە: بوونی بڕێکی زۆر دەرمانی کشتوکاڵی بەسەرچوو، بوونی دەرمانی قەدەغەکراو، بوونی دەرمانی فەلکراوی بێ بەروار.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، بوونی دەرمان  بۆ ماوەیی ئەمانی 28 رۆژ بەکاردێت و پێویستە لەژێر ڕێنمایی ئەندازیاری کشتوکاڵی بدرێت بە جوتیارەکان و هەروەها بوونی ٦شەش دەبە دەرمانی فەل و نەبوونی لۆگۆ و ناونیشان و ژمارەی مۆبایل لەسەر کۆگا.

 ئەمە لەکاتێکدایە  نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتبوو: لە مانگی رەمەزاندا لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان،  چەند رێکارێک دەگرینەر کە ئەمانەن:

یەکەم: زیادکردنی ژمارەی لیژنەکان لە هەموو شار و شارۆچکەکان.

دووەم: زیادکردنی لیژنەکان لەکاتی ئێواران و پارشیوان.

سێیەم: سزای سەرپێچیکاران بەراورد بە ساڵی رابردوو توندتر دەکرێت.

چوارەم: لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی بڕیار دراوە هەر شەربەتێک لۆگۆی لەسەر نەبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین هیچ شەربەتێک بەبێ لۆگۆ نەکڕن.