دابەشکردنی کۆمەک و هاوکارییەکان لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە

کۆمەک و هاوکاریەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستان لە رێی تیمە هاوبەشەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و مانگی سوری کوردی دابەش کران.

ئەمرۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دوای گەیشتنی کاروانی کۆمەک و هاوکاریەکان لە چوارچێوەی کەمپینی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاری رۆژئاوای کوردستان ئامادە کرابوون، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لە رێی تیمە هاوبەشەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و مانگی سوری کوردی تەواوی هاوکاریەکان بەسەر ئاوارەکان و خەڵکانی شایستە دابەشکران. 

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژە بەوە دەکات، هاوکاریەکان پێکهاتوون لە هەشت هەزار و 910 پاکێجی خواردن لە رێگەی 27 بارهەڵگرەوە رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کران و دوای گەیشتنیان بەسەر شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دابەشکران.

هەروەها 16بارهەڵگر لە شاری عامودا کە پێکهاتبوو لە پێنج هەزار و 280 پاکێج و نۆ بارهەڵگر لە شاری قامیشلۆ لە دوو هەزار و 970 پاکێج و دوو بارهەڵگر لە شاری دێرک کە پێکهاتبوو لە 660 پاکێجی خواردن دابەش کران.